گرووپە چەکدارەکانی سووريا زۆرينەی شاری حەلەبيان کۆنترۆڵکردووە و لە پێشڕەويدان، کۆشکی سپيش يەکەم راگەيەندراوی لەسەر دۆخی سووريا بڵاوکردەوە و گوتى "هێزەکانمان لە سووريا دەپارێزين".
ئاوێنە: دەستەی تەحرير شام و گرووپە چەکدارە هاوپەيمانەکانی زۆرينەی شارى حەلەبيان، بە فرۆکەخانە، ناوەندە حکومييەکان و زيندانەکانەوە کۆنترۆڵکردووە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "بەبێ بەرگریی سوپای سووريا ئەو گرووپانە پێشڕەوييان کردووە".
روانگەی سووری رەتيدەکاتەوە "گرووپە چەکدارەکان گەيشتبنە شاری حەمای دراوسێی حەلەب". وەک ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى نزیک لە گرووپەکانەوە بانگەشەى بۆکرا. ئاماژەى بەوەشکردووە، حکومەتى دیمەشق هێز و پێگە سەربازییەکانى لە حەما رێکخستووەتەوە و خاڵى نوێى سەربازى لە دەوروبەرى شارەکە داناوە.
کۆشکی سپيش يەکەم راگەيەندراوی لەسەر دۆخی سووريا بڵاوکردەوە وتى "لە نزیکەوە چاودێری دۆخی وڵاتەکە دەکەین و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندیمان هەبووە، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەم هێرشەوە نییە".
راشيگەياندووە "رەتکردنەوەی بەردەوامی رژێمی ئەسەد بۆ بەشداری لە دانيشتنەکانی تايبەت بە پڕۆژە بڕياری ئاگربەستی سووريا لە ئەنجوومەنی ئاسايشی نەتەوەيەکگرتووەکان، هەروەها پشتبەستنی بە رووسیا و ئێران، ئەو بارودۆخەی ئێستای هێناوەتە ئاراوە".
کۆشکى سپى گوتیشى "لە بەرگریی و پاراستنی تەواوەتی کارمەندانی ئەمریکا و پێگە سەربازییەکانیان لە سووريا بەردەوام دەبن، کە مانەوەيان لە ناوچەکە پێويستە بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە داعش هەرگیز ناتوانێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە"..