موكەڕەم تاڵەبانی كۆچی دوایی كرد
  2025-01-24       775       

موكەڕەم تاڵەبانی، سیاسەتمەندار و كەسایەتی ناسراوی كوردستان و عێراق لە تەمەنی 102 ساڵیدا، ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

ئاوێنە: د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە پەیامێكدا هەوڵەكەی پشتڕاستكردۆتەوەو رایگەیاندوە "پرسەو پەژارەو ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی دوایی موکەرەم تاڵەبانی، سیاسەتمەدارو کەسایەتیی ناوداری کوردستان و عیراق؛ دەردەبڕین."

سبەی شەممە، یەكەم رۆژی پرسەكەی دەبێت لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی(ئەحە سور) لە سلێمانی و رۆژی یەكشەممەش لە كەركوك پرسەی بۆ دادەنرێت.

موکەڕەم شێخ جەمال شێخ محەمەد، ناسراو بە موکەڕەم تاڵەبانی، لە ساڵی 1923 لە کەرکوک لە دایکبوەو لە ساڵی 1937 بەشداری لە دامەزراندنی حیزبی هیوا كردوەو دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبەش ساڵی 1945 بوە بە ئەندامی حیزبی شیوعیی عێراق.

ساڵی 1958 کراوە بە بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەخانەی ئینحیساری توتن و پاشتر کە وەزارەتی کشتوکاڵ بوە بە پشکنەری گشتی و دواتر ڕاوێژکار- 1968.

لە کودەتای 8ـی 2ـی 1963ـی بەعسییەکاندا گیراوە و دادگای کودەتاچییەکان حوکمی سێ ساڵ و نیو زیندانی داوە و ساڵی 1965 ئازادکراوە. 1968 کە بەعسییەکان ھاتنەوە سەر کار، گەڕاوەتەوە سەر کاری خۆی.

لە ساڵی 1973 بڕوانامەی دکتۆرای لە (چاککردنی کشتوکاڵ و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە دێھاتی عیراقدا) وەرگرتوە. ساڵی 1975 دوەم بڕوانامەی لەسەر (دووفاقیی موڵکداری لە میزۆپۆتامیادا) بەدەستھێناوە.

هەمیشە وەکو نێوەندگیر لەنێوان حکومەتی عێراقی و پارتە کوردییەکاندا بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵی بینیوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×