هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باقرخان ئاماژەی بەوە دەکات عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەری کێشەی کوردو دیموکراتیکبوونی تورکیا بانگەوازێکی مێژووی دەکات، ئەو دەڵێت "ڕەنگە بانگەوازەکە لە ١٥ ی شوباتدا بێت".
ئاوێنە: هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لەئەنجومەنی کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتکەدا رایگەیاند "ئاشتی واتای بنیاتنانی دادپەروەری کۆمەڵگە، ئاشتی بەچەوساندنەوەی گەلی کورد بەدینایەت. ئاشتیی لەژێر توندوتیژی، هەڕەشە بەدینایەت. ئاشتیی بەڕووناکی ئازادی و دیموکراسی دەتوانرێت دابمەزرێت. کات کاتی بێدەنگبوون نییە. چاوەڕێی چین؟ چەند گەنجی ترمان دەبێ گیانی خۆیان لەدەست بدەن؟ پرسیار دەکەین. دەبێت تەواوی ئەمە کۆتایی پێبهێنرێت".
راشیگەیاند "دەمەوێت ڕاستەوخۆ لەدەسەڵاتداران بپرسم؛ حکومەت لەباسی دیموکرسی و سەروەری یاسادا بۆچی هەنگاوێک نانێت، چاوەڕوانی چیە؟ با هەنگاو بنێین لەسەر ئەم پرسە بنەڕەتیانە کە هەمووان دەیانەوێت. چی دەسەڵات ڕادەوەستێنێت؟ دەبێت ئەم پرسیارانە بکەین. بەڕێز ئۆجالان بەم زووانە بانگەوازێکی مێژوویی دەکات. بۆیەکەمجار بابەتێک کە ڕای گشتیی تورکیا و ئێوەش مەراقی دکەن، بڵاوی دەکەمەوە. بەڕێز ئۆجالان، ئامادەکاری دەکات بۆ چارەسەری هەمیشەی کێشەی کورد و دامەزراندنی تورکیایەکی دیموکراتیک، لە چەند ڕۆژی داهاتوو بانگەوازێکی مەزن دەکات. بەڵێ بەڕێز ئۆجالان خەریکی ئامادەکردنی بانگەوازێکی مێژووییەو بەم زووانە ئەم بانگەوازە دەکات".
باقرخان دەربارەی ئەو بانگەوازەی کە چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە ئۆجەلان بیکات، گوتی "ڕەنگە بانگەوازەکە لە ١٥ ی شوبات یان دوای ئەوە بێت".
باقرخان بۆ پرسیاری "سەردانی ئیمراڵی دەکرێت؟" گوتی: "هێشتا نادیارە. چاوەڕێی بانگەوازین".
بۆ پرسیاری "ئایا بانگەوازەکە بۆ چەکدانان دەبێت؟" باقرخان گوتی: "ناوەڕۆکی بانگەوازەکە نازانم. نازانین ناوەڕۆکەکەی چییە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە شاندەکەمانەوە وەرمگرتووە قسە دەکەم. ڕەنگە لەناوەڕۆکی بانگەوازەکە هەمان شت هەبن. لەماوەیەکی کورتدا ئامادەکاری هەیە، کار دەکرێت. ڕەنگە ١٥ی شوبات بێت یان دوای ئەوە. ئەمە هێشتا ڕوون نییە، چاوەڕوانی بانگەوازین".