هێزەکانی سەر بە پاسەوانی سنوور سەر بە وەزارەتی بەرگریی نوێی سووریا چەند ناوچەیەکیان دوای پێکدادان لەگەڵ حزبوڵای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکانی سەر بە پارێزگای حومس کۆنتڕۆڵ کرد.
ئاوێنە: سوپای سووریا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان-سووریا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەتی چەک، ماددەی هۆشبەر و چەکدارانی حزبوڵڵا دەست پێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە کە شەش ڕۆژی خایاند، تێدا چەکی قورس و مامناوەند بەکار هێنرا.
لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکە، سوپای سووریا چەند ناوچەیەکی ستراتیژی دەست بەسەر داگرت و توانرا کۆنتڕۆڵی ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و سووریا بکات.
یوسف خالید، فەرماندەی ئەو هێزانەی ئۆپەراسیۆنەکەیان بەڕێوەدەبرد ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە شەش ڕۆژی خایاند، دەست بەسەر چەندین چەک داگیراوە، کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەک کرا و دوو چەکداری حزبوڵا بە دیل گیراون و چەندین چەکداریش کوژراون.



