عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند هەرێمی کوردستان مانگانە (140ملیار) دینار داهاتی گومرگ و (50 ملیار) دینار داهاتی باجی هەیە، کە دەبێت نیوەی بدات بە بەغدا، بەڵام نەیداوە".
ئاوێنە: گوڵپی، رایگەیاند، بە پێی ژمارە و داتاکانی وەزارەتی دارایی، هەرێمی کوردستان مانگانە (140ملیار) دینار داهاتی گومرگ و (50 ملیار) دینار داهاتی باجی هەیە، ئەم دوو داهاتە فیدراڵین و پێویستە مانگانە نیوەی بۆ بەغدا بنێردرێت، کە (90 تا 95 ملیار) دینار دەکات، کەچی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ هەرێم مانگانە نزیکەی (40 تا 50 ملیار) دیناری بۆ هەر مانگێک ناردووە!
ئاوێنە: ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەرێم مانگانە (400هەزار) بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، تا ئێستا نەکراوە، لەوەش خراپتر ئەوەیە هەموو ڕۆژێک (320 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشن، داهاتەکەشی نە دەیدەنە وەزارەتی دارایی بەغدا، نە دەیدەنە وەزارەتی دارایی هەرێم!
عومەر گوڵپی وتیشی، ” فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە تەنکەر و نادیاریی داهاتەکەی لە 20-3-2023 ەوە دەستی پێکردووە، واتە نزیکەی دوو ساڵ و دوو مانگ، کە نزیکەی (250ملیۆن) بەرمیل نەوت دەکات، داهاتەکەی خەیاڵییە کە نزیکەی (7,5ملیار) دۆلار دەکات، کە ئەگەر نیوەشی ببێتە تێچووی بەرهەمهێنان، ئەوە دەبێت دەسەڵات بە خەڵک بڵێت (3,75ملیار) دۆلای چی لێکردووە؟!
جەختیشی كردەوە، جێبەجێنەکردنی ئەرکەکان لەلایەن هەرێم و نەناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە، تەنها خەڵک باجەکەی دەدات.