پێنج شه‌ممه‌, 03 ی ته‌موز , 2025
فارس عیسا: عێراق دەستور جێبەجێ ناکات و دەیەوێت ئابووریی هەرێم لاواز بکات
  2025-06-03       284       

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، عێراق دەستور جێبەجێ ناکات، ئەوەی ئێستاش بەغدا دروستی کردووە، سیاسییە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕوی ئابوورییەوە لاواز بکەن.

ئاوێنە: فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی ھەرێم لە بەغدا لە پشكی پارتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی وت "بەداخەوە عێراق ھیچ بڕوای بە رێککەوتن و ھاوبەشی و فیدراڵیەت نییە و ئەوەی ئێستا دەیکەنە کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان سیاسییە و دەیانەوێت ھەموو دەسەڵاتەکان مەرکەزی بن و هەموو شتێک لە دەست ئەواندا بێت و بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن".

فارس نهێنیەک دەدرکێنێت و ئاشکرای دەکات "ھەرێمی کوردستان بەھێزە و رێگای زۆری لەپێشە بیگرێتە بەر لەڕووی یاساییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیشەوە، عێراقیش دەیەوێت ئابووریی ھەرێمی کوردستان لاواز بکات بەپێی پلانێکی داڕێژراو".

ئەو نوێنەرە راشیگەیاند "ھەرێمی کوردستان خاوەن ھێز و ئیرادەیەکی زۆر باشە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت و پلانیان بۆ داناوە، ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە، ھەر بۆیە موچە وەکو بیانوە و زیاتر مەبەستی سیاسییان ھەیە".

"حکومەتی ھەرێم پابەندی ھەموو رێککەوتنەکان بووە بەپێی دەستوری عێراق، بەڵام ئەوە عێراقە دەستور جێبەجێ ناکات و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دێنن، ھەربۆیە حکومەتی عێراق بەرپرسە لەو کێشانەی دروست دەبن، چونکە پابەندی دەستوری عێراق نابێت، ئەگەر نا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە ھەموو کێشەکان بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن و پابەندی دەستورە". فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی ھەرێم لە بەغدا وای وت
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×