بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، پەیوەندیم بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردو داوام لێكرد موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت. ئەویش باش قسەی كرد. دەشڵێت، قەت حەق نییە یەكێك هەڕەشەیەك بكات كە پێی جێبەجێ ناكرێت.
ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ لەمیانی بەشداریكردن لە رێورەسمی ساڵیادی دامەزراندنی 50 ساڵەی حزبەكەیدا لە یاریگای سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند، هەشت مانگ پێش ئێستا لێرە چەند بەڵێنێكمان دام، هەندێكیان جێبەجێ كراون و هەندێكی بەڕێوەیە، وتمان باڵانسی هێز رێكدەخەینەوە رێكی دەخەینەوە.
وتیشی، ئاگام لە خەڵكە، ئەزانم چەند نیگەرانن و چەند ترساون لە موچەكانیان، ناحەقیشیان نییە، قەت حەق نییە یەكێك هەڕەشەیەك بكات كە پێی جێبەجێ ناكرێت. گۆڕستانەكان پڕن لە مەیتی داعش و قاعیدە، ئەوان تێگەیشتن یەكێتی كە هەڕەشەیەكی كرد چۆن جێبەجێی دەكات.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، من ئەمڕۆ تەلەفۆنم بۆ سەرۆك وەزیران سودانی كرد، دیسان ئەمە ئیشی یەكێتییە، لایەنەكانی تر، ئۆپۆزسیۆن و ئەوانە لە ماڵەوە دانیشتون و وەكو مشك سەیری تەلەفزیۆن دەكەن و هیچیان پێ ناكرێت.
وتیشی، ئێمە پەیامێكمان هەیە بۆ بەغدا كە ئێمە دوژمنی ئێوە نین و تكاتان لێ ئەكەین گوێ لە میللەتەكە بگرن، گوێ لە چەند سەركردەیەك مەگرن كە لەبیریان چوە برسێتی چییە. میللەتەكەی ئێمە هیچ كێشەی نییە لەگەڵ عەرەب، كریستیان، ئێزیدی، چیتر هەق نییە میللەتەكەی ئێمە قوربانی نەزانی لایەنی تر بدات.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، سودانی زۆر باش قسەی كرد، لە هەوڵی ئەوەداین كە پرسی موچە چارەسەر كرابێت، پێویستیش بكات من لەم رۆژانەدا دەچمە بەغدا بۆ خزمەتی سەرۆك وەزیران، دەشچین و چارەسەری دەكەین. دوای ئەم هەڵبژاردنەش پیشانتان دەدەین كە چیمان پێ ئەكرێت لە بەغدا. ئێمە خەڵك لە بیرناكەین، ئێمە حزبی خانوە قوڕەكانین.