مەسرور بارزانی: گرێبەستەكانمان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەبنە دابنەمۆی گەشەی ئابوری
  2025-06-01       229       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، گرێبەستەكانی ئەم دواییەیان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەبنە مایەی داینەمۆی گەشەی ئابوری و وەبەرهێنان و داهێنان.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند، دوایین سەردانم بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناغێکی زۆر باش بو.

وتیشی، ئێمە پابەندبونی ھاوبەشيی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکومەت و گەلی ئەمەریکا دوپات کردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی 1990ەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمەریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابوری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.

هەروەها وتیشی"بۆ یەکەمجار لە مێژودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشان دا کە ئەو سەربەخۆییە ئابورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبوە، بەڵکو دنیابینییەکی ئابورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە،. لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینییە بەردی بناغەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین."

ئەوەشی خستەڕو"پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لە ڕێگەی (پرۆژەی ڕوناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕوناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕوناکتر."

هێمای بۆ ئەوەش كرد "بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەریی (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندوە، کە ھاوشێوەی نیە لە ناوچەکەمان. ئەم پرۆژەیە ھاوکاری ھاوڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونکردنی کولتوری کارسازی و بەرپرسیارێتی."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×