ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان هەوڵ هەیە و گەشبینین كە پێش جەژن موچە بێت، بەڵام تا ئێستا ئاماژەی ناردنی پارەمان بۆ نەهاتوە. پێشی وایە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، كادیرێكی دارایی سەركەوتوە، بەڵام ئەوەی داوای دەكات "نایاساییە."
ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ناردنی موچە بەرلە جەژن لەلایەن بەغداوە، وتی، نامەوێ زانیارییەک بدەم کە 100% لێی دڵنیا نەبم. ئەوەندەی من دەزانم ئەو دۆخەی ئێستا دروست بوە دۆخێکی دەستکردە. هیچ راستییەکی تێدا نییە. وتیشی، لە سەرچاوەیەکی دروست هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتوە. لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوام لەسەر هێڵین. ئەوەی پێمان گەیشتوە تا ئەم ساتە رێنماییان بۆ نەهاتوە بۆ خەرجکردنی موچە.
لەگەڵ ئەوەش وتی، جموجوڵێكی سیاسی هەیە لەسەر ئاستی ناوەوە و دەرەوەی عێراق کە کار لەسەر ئەوە دەکرێت پێش جەژن موچە بێت. جۆرێک لە گەشبینی هەیە کە سەربگرێت. ئومێدەوارم سەربگرێت.
جەختیشی كردەوە، هەر کاتێک پارە بنێردرێت، "لە 24 سەعاتدا موچە دابەش دەکەین."
وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی حسابكردنی پشكی هەرێم لەلایەن وەزارەتی داراییەوە وتی، بەغدا وا حسابی کردوە کە "ئێمە هەمو رۆژێک نەوتمان بە 70 دۆلار فرۆشتوە، دەڵێت، پشکی خۆتان تەواو بوە."
هەروەها باسی لەوە كرد "ئەوەی لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا تێگەیشتووین، عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت. دژی پێشمەرگە و سەربازییمانە، دژی پەیوەندییەکانمانە."
وتیشی،"90٪ـی داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردوە. زۆر بە شەفافیەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بەغدا کردوە."
وەزیری دارایی لەبارەی پلانی جێگرەوە لە ئەگەری نەناردنی پارە لە بەغداوە، وتی "بەدڵنیایی تەسلیمی بەغدا نابین و ئەگەر موچەش نەنێرن، بە داهاتی نەوت و نێوخۆ خۆمان دەژیێنین و پلانی جێگرەوەمان هەیە.. ئەوەی تەیف سامی داوای دەکات نایاساییە."
لە وەڵامی ئەوەدا كە ئایا گلەییت لە تەیف سامی هەیە یان ئەوانەی لە پشت تەیف سامین؟ ئاوات شێخ جەناب وتی، ئەوانەی پشت تەیف سامی. تەیف سامی خۆی مرۆڤێکی باشە و کادیرێکی دارایی سەرکەوتوە. فەرمانی پێ دەکەن ئەویش جێبەجێی دەکات و ناتوانێت پێچەوانەکەی بکات.
هاوکات، لەبارەی هەناردەکردنی نەوت قسەی کرد: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، عێراق کێشە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ دروست دەکات."