كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کورستان، ڕایگەیاند: دوای جەژنی قوربان، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان، دەست بە دانوستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەكەینەوە.
ئاوێنە: کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەکالەت، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی، گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن.
وەزیری سامانە سروشتییەكان هەروەها وتیشی: دوای جەژنی قوربان، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان، دانوستاندن لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ دەكەینەوە.
لەبارەی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەمەریکا و هەڵوێستی وڵاتەکە لەبارەی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح، وتی: بەرپرسانی ئەمەریکا بەڕونی بە ئێمەیان ڕاگەیاندوە، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەندە بە ڕێزگرتن لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.