ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: چاوەڕێی بەغداین كۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی موچە بهێنێت
  2025-07-02       319       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە هەر پابەندییەک لەسەر هەرێمی کوردستان بوە، بەزیادەوە جێبەجێی کردوە و هەمو نەرمییەکی نواندوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بۆیە چاوەڕێی بەغداین کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچە بهێنێت. دەشڵێت، چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە نێوان هەردولا بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتونەتە ئاراوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەمموزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو لەبارەی ئەنجامی کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچونی خەرجکردنی موچەکانی هەردو مانگی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردۆتەوە، کە هەر پابەندییەک لەسەر هەرێمی کوردستان بوە، بەزیادەوە جێبەجێی کردوەو هەرێم هەمو نەرمییەکی نواندوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

ئەنجومەنی وەزیران وتوشیەتی، ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەمو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەڵ حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەمو ئەو پاسا و بیانوانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی موچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.

کۆبونەوەکە جەختی کردەوە کە "ئێستا هەمو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە نێوان هەردولا بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتوەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم."

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەختیشی كردۆتەوە كە "بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی موچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە موچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێمە و بە هەمو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەمموزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو لەبارەی ئەنجامی کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچونی خەرجکردنی موچەکانی هەردو مانگی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی کردەوە، کە هەر پابەندییەک لەسەر هەرێمی کوردستان بوە، بەزیادەوە جێبەجێی کردوەو هەرێم هەمو نەرمییەکی نواندوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەمو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەڵ حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەمو ئەو پاسا و بیانوانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی موچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.

کۆبونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا هەمو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە نێوان هەردولا بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتوەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەمو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی موچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی موچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون و حكومەتی هەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی موچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە موچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێمە و بە هەمو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.

پاشان لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سودمەند بن لە موچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هاتون.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەکان كرد و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی زياتريان بۆ بکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×