ویكیلیكس: داهاتی‌ حكومه‌تی هەرێم بەشێوەیەکی سیستماتیك بەتاڵان دەبرێت
  2020-03-05       12028       

 ئا: هاوكار حسێن


به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌دیارده‌یه‌كی‌  ره‌گداكوتاو وه‌سفده‌كه‌ن‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ قۆرخكردنی‌ حكومه‌ت‌و ئابوریی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌كێتیه‌وه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ به‌تاڵانبردنی‌ داهاتی‌ گشتیی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك. هاوكات باس له‌رۆڵی‌ دادگاو رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌‌و رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئازادیش ده‌كه‌ن له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌دا.  

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ سایتی‌ ویكیلیكس كه‌ ئاوێنه‌ له‌خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، دیپلۆماتكاره‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌كوردستانی‌ عێراقدا ره‌گی‌ داكوتاوه‌‌و "هه‌ژمونی‌ به‌هێزی‌ دو حزبه‌كه‌ (یه‌كێتی‌‌و پارتی‌) به‌سه‌ر حكومڕانێتی‌‌و چالاكییه‌ ئابورییه‌كاندا بوه‌ته‌ هۆی‌ به‌تاڵانبردنێكی‌ سیستماتیك له‌داهاتی‌ حكومه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و حزب‌و بنه‌ماڵانه‌ی‌ كه‌ كۆنترۆڵی ئه‌و كایانه‌یان كردوه‌".
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2008 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، باس له‌رۆڵی‌ رۆژنامه‌نوسان كراوه‌ ده‌ڵێت، "رۆژنامه‌نوسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان روبه‌رێكی‌ بچوكیان داوه‌ته‌ كه‌یسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و كاتێكیش باسیان كردوه‌، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ حكومیه‌وه‌ دراونه‌ته‌به‌ر ره‌خنه‌ به‌وه‌ی‌ ناوزڕاندنی‌ تێدابوه‌. رۆژنامه‌نوسێكی‌ كه‌ركوك كه‌ له‌باره‌ی‌ له‌شفرۆشی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌ له‌ناو هێزه‌كانی‌ پۆلیس نوسیبوی‌، له‌مانگی‌ ته‌موزدا له‌ناوبرا".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "ده‌ستی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ زۆر قوڵ رۆیشتوه‌، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر كۆمپانیا بیانیه‌كان بیانه‌وێت بۆ نمونه‌ له‌شارێكی‌ وه‌ك سلێمانی‌، كاربكه‌ن، ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ریان له‌رێگه‌ی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ مۆڵه‌تی‌ ئه‌وه‌یان پێبدرێت بچنه‌ناو بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌. فراوانترینیان كۆمپانیای‌ نۆكانه‌ كه‌ 18 كۆمپانیا له‌خۆده‌گرێت‌و چالاكییه‌ ئابورییه‌كانی‌ روبه‌رێكی‌ فراوانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌".
شرۆڤه‌و بۆچونی‌ ئه‌مریكیه‌كانیش له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێم‌و دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "هه‌ژمونی‌ چه‌سپاوی‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (یه‌كێتی‌‌و پارتی‌) به‌سه‌ر حكومه‌تدا، خۆی‌ له‌بیرۆكراسیه‌تێكی‌ فراوان به‌سه‌ر داموده‌زگا حكومییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هۆكاری‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بۆ خزمه‌تكردنه‌ به‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ وه‌ك تۆڕێكی‌ به‌رفراوانی‌ پشتیوانی‌". 
ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:


ئای‌ دی‌: 08BAGHDAD2731
بابه‌ت: گه‌نده‌ڵی‌ ره‌گداكوتراو له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا 
به‌روار: 25ی‌ ئابی‌ 2008


پۆلێن: نهێنی‌
رۆژی‌ 11-14ی‌ ئابی‌ 2008، به‌رپرسان‌و راوێژكارانی‌ بواری‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌باڵیۆزخانه‌‌و ئۆفیسی‌ ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان‌و نوێنه‌رانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كۆبونه‌وه‌ بۆ پێوانه‌كردنی‌ قه‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و تاوتوێكردنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و رونكردنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ لۆكاڵییه‌كان له‌باره‌ی‌ پیشتیوانی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌و پرۆگرامه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی‌ (یو.ئێن.دی‌.پی‌)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ توانای‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگاكان‌و ناوچه‌كانی‌ عێراق. چاودێرانی‌ میدیا‌و خاوه‌نكاره‌كانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌ژمونی‌ چه‌سپاوی‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (یه‌كێتی‌‌و پارتی‌) به‌سه‌ر حكومه‌تدا، خۆی‌ له‌بیرۆكراسیه‌تێكی‌ فراوان به‌سه‌ر داموده‌زگا حكومییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ هۆكاری‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بۆ خزمه‌تكردنه‌ به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وه‌ك تۆڕێكی‌ به‌رفراوانی‌ پشتیوانی‌. به‌پێچه‌وانه‌ی‌ لێدوان‌و بانگه‌شه‌ ره‌سمیه‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌، به‌كرده‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ وه‌ربه‌رهێنه‌ران پێویسته‌ شه‌ریكی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بن كه‌ سه‌ربه‌ یه‌كێك له‌حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانن، بۆئه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌تی‌ چونه‌ناو بازاڕی‌ كوردستانیان ده‌ستكه‌وێت. له‌كاتێكدا به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت هه‌تا خود سه‌رۆك وه‌زیرانیش باسیان له‌و هه‌وڵانه‌ ده‌كرد كه‌ له‌ئارادان بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌، ئاماده‌ییشیان نیشاندا بۆئه‌وه‌ی‌ سود له‌راوێژی‌ پسپۆڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ربگرن. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا، شكست هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ دان بنرێت به‌مه‌ودای‌ گه‌یشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، میدیایه‌كی‌ ناچالاك‌و زۆرجار ترسێنراو هه‌یه‌، نه‌بونی‌ پاڵپشتی‌ قانونی‌، لاوازی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌.
پێكهاته‌ی‌ حزبی‌ به‌هه‌ده‌ردان‌و گه‌نده‌ڵی‌ زیادكردوه‌
چاودێرانی‌ میدیا‌و بازرگانه‌كانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ تێكه‌ڵبونی‌ پارته‌ سیاسییه‌كان‌و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان وه‌ك په‌تایه‌ك سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، كه‌ خۆی‌ له‌بیرۆكراسیه‌تێكی‌ فراوان به‌سه‌ر داموده‌زگا حكومییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌‌و هۆكاری‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیش بۆ خزمه‌تكردنه‌ وه‌ك تۆڕێكی‌ به‌رفراوانی‌ پشتیوانی‌ بۆ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌. به‌پێی‌ وته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، هه‌ریه‌ك له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ مانگانه‌ 35 ملیۆن دۆلاریان له‌بودجه‌ی‌ گشتیی‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ %20ی‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌، به‌ده‌ر له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمی‌ كوردستاندا كۆكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و مه‌زه‌نده‌ی‌ كرد كه‌ %80ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڕوات بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 1 ملیۆن موچه‌خۆره‌. یه‌كێك له‌خاوه‌ن كاره‌ تایبه‌ته‌كان وتی‌، زۆرینه‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌سێ‌ هه‌فته‌دا ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌ ده‌وامده‌كه‌ن، به‌ڵام موچه‌ی‌ ته‌واوه‌تی‌ مانگێكیان پێده‌درێت. نه‌وشیروان گله‌یی‌ له‌لاوازیی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌‌و كه‌می‌ خزمه‌تگوزاریی‌ شارێكی‌ وه‌ك سلێمانی‌ هه‌بو، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 5 ساڵی‌ رابردودا 21 ملیار دۆلاری‌ بۆ دانراوه‌. 
نه‌وشیروان مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌ستی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ زۆر قوڵ رۆیشتوه‌، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر كۆمپانیا بیانیه‌كان بیانه‌وێت بۆ نمونه‌ له‌شارێكی‌ وه‌ك سلێمانی‌، كاربكه‌ن، ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ریان له‌رێگه‌ی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ مۆڵه‌تی‌ ئه‌وه‌یان پێبدرێت بچنه‌ناو بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌. فراوانترینیان كۆمپانیای‌ نۆكانه‌ كه‌ 18 كۆمپانیا له‌خۆده‌گرێت‌و چالاكییه‌ ئابورییه‌كانی‌ روبه‌رێكی‌ فراوانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی‌ دانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ ناتوانێت بڵێت ئه‌و دیاریده‌یه‌ راست نیه‌ كه‌ تێگه‌یشتێكی‌ واهه‌یه‌ له‌لای‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیه‌كان به‌وه‌ی‌ پێویسته‌ ببنه‌ شه‌ریكی‌ یه‌كێتی‌ یان پارتی‌. 
به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كارده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌رنگاربونه‌وه‌ی‌ دیاریده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌رێگه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ پڕۆژه‌یاسا‌و لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت‌و ده‌سته‌ی‌ چاودێریی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و باڵا. ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان باسیان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆنی‌ خۆیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌ر كوێیه‌كدا هه‌بێت ئاگاداربن لێی‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ باسیان له‌دانانی‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك كرد له‌په‌رله‌مان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌بنه‌بڕكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ داده‌مه‌زرێنرێت‌و رێگه‌ده‌دات به‌خه‌ڵك ئاگاداری‌ زانیارییه‌كانی‌ حكومه‌ت بن. 
حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماده‌یی‌ خۆی‌ نیشانداوه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌راوێژی‌ ته‌كنینكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌. سه‌رۆك وه‌زیران بارزانی‌ باسی‌ له‌و بڕیاره‌ی‌ حكومه‌ت كرد بۆ به‌كرێگرتنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ پرایس وۆته‌رهاوس به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ پێداویستی هه‌مه‌لایه‌ن‌و بارودۆخی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان. ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ 3 مانگانه‌یه‌ له‌مانگی‌ داهاتوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. 
له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومییانه‌ی‌ چاومان پێكه‌وتن، گه‌رموگوڕییه‌كی‌ كه‌میان پێوه‌دیاربو بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ .مه‌لا به‌ختیار، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ چه‌ند شتێكی‌ باس كرد له‌باره‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و پاشان په‌ڕیه‌ سه‌ر باسكردنی‌ مێژوی‌ یه‌كێتی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 45 خوله‌ك. هیچ كام له‌و به‌رپرسانه‌ی‌ ئێمه‌ چاومان پێیانكه‌وت، باسیان له‌قۆرخكردنی‌ سیاسه‌ت‌و بازرگانی‌ نه‌كرد له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌‌و پارتیه‌وه‌ كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ زیادبونی‌ گه‌نده‌ڵی‌. 
رۆژنامه‌نوسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان روبه‌رێكی‌ بچوكیان داوه‌ته‌ كه‌یسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و كاتێكیش باسیان كردوه‌، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ حكومیه‌وه‌ دراونه‌ته‌به‌ر ره‌خنه‌ به‌وه‌ی‌ ناوزڕاندنی‌ تێدابوه‌. رۆژنامه‌نوسێكی‌ كه‌ركوك كه‌ له‌باره‌ی‌ له‌شفرۆشی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌ له‌ناو هێزه‌كانی‌ پۆلیس نوسیبوی‌، له‌مانگی‌ ته‌موزدا له‌ناوبرا. رۆژنامه‌نوسه‌ كورده‌كانی‌ سلێمانیش بێزاربون له‌و كه‌یسه‌و نیگه‌رانیش بون له‌وه‌ی‌ توانای‌ ئه‌وان له‌باسكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ خراپترده‌بێت، ئه‌گه‌ر كه‌یسی‌ رۆژنامه‌نوسه‌ كوژراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكوپێك لێینه‌كۆڵدرێته‌وه‌و بڕیاری‌ له‌سه‌رنه‌درێت. یه‌كێك له‌رۆژنامه‌نوسه‌كان باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان "لیستێكی‌ ره‌شی‌" هه‌بوه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ كوژراوه‌كه‌ له‌و لیسته‌دا بوه‌، ته‌نانه‌ت پێشئه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌شی‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ بنوسێت. یه‌كێكی‌ تریشی كه‌ زۆربه‌خراپی‌ لێیدرابو، باسی‌ له‌وه‌كرد ئه‌ویش له‌لیسته‌ ره‌شه‌كه‌دا بو. 
نه‌بونی‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێچكه‌ی‌ یاسایی‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌ربه‌سته‌كانی‌ به‌رده‌م شه‌فافیه‌ت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان. رۆژنامه‌نوسان‌و بازرگانانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و رێكخه‌رانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ پێیانوایه‌ كه‌ بردنی‌ كه‌یسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بۆ به‌رده‌م دادگاكان، شتێكی‌ پێكه‌نیناویه‌. نه‌وشیروان مسته‌فا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ هیچ دادگه‌رییه‌ك یان سیستمێكی‌ دیكه‌ نیه‌ بۆ یه‌كلاكلادنه‌وه‌ی‌ ناكۆكیه‌كانی‌ نێوان كۆمپانیایه‌ك‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم. هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانیش دانی‌ نا به‌لاوازیی‌ توانای‌ دادوه‌ره‌كان‌و پێویستیان بۆ راهێنان‌و په‌ره‌پێدانی‌ دیكه‌ له‌سیستمی‌ دادوه‌رییدا. زیاد له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ سیستمێكی‌ دادوه‌ریی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا نیه‌. 


كۆمێنت:
به‌درێژایی‌ كۆبونه‌وه‌كانمان، هه‌مولایه‌ك جه‌ختیان له‌پێویستی‌ په‌ره‌پێدانی‌ شه‌فافیه‌ت كرده‌وه‌ به‌پێی‌ پێوه‌ره‌ دانپێدانراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها پێویستیبونی‌ میدیای‌ ئازاد‌و كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی‌ بیانی‌. هه‌ژمونی‌ به‌هێزی‌ دو حزبه‌كه‌ به‌سه‌ر حكومڕانێتی‌‌و چالاكیه‌ ئابورییه‌كاندا بوه‌ته‌هۆی‌ به‌تاڵانبردنێكی‌ سیستماتیك له‌داهاتی‌ حكومه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و حزب‌و بنه‌ماڵانه‌ی‌ كه‌ كۆنترۆڵی ئه‌و كایانه‌یان كردوه‌. هه‌رێمی‌ كوردستان رێگه‌یه‌كی‌ درێژی‌ له‌به‌رده‌مه‌ بیبڕێت له‌روی‌ شه‌فافیه‌تی‌ بودجه‌‌و ئازادیی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ توانستی‌ دادوه‌ریی‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×