وێنەگرەكەی كۆڕەوی كورد كۆچی دوایی كرد
  2019-03-04       2646       

ئەو وێنەگرەی كە بەهۆی كامێراكەیەوە نەهامەتییەكانی كوڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی 1991ی كوردانی باشوری كوردستانی بڵاوكردەوە، لەتەمەنی 58 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.

ئاوێنە: یانیس بەهراكیس، وێنەگری ناوداری جیهان، ساڵی 1960 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لەدایكبوە، وێنەكانی ئەو كە لەزۆربەی ناوچە گەرم و كارەستبارەكان تۆماری كردون سنورە جیهانییەكانی بڕی و كردیە وێنەگرێكی ناوداری لەسەر ئاستی جیهان.

یەكێك لەو روداوە كارەستبارانەی كە بەهراكیس بە كامێراكەی تۆماری كردبو، كۆڕەوە ملیۆنەكەی ساڵی 1991ی كوردانی باشوری كوردستان بو.  

جگە لە كۆڕەوەكەی كورد، وێنەگرە یۆنانییەكە كە زۆرترین وێنەكانی لە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوكردۆتەوە، خاوەنی چەندین وێنەی بەناوبانگە كە لە جەنگی ئەفغانسات، دەربەدەربونی هەزارەها هاوڵاتی كۆسۆڤۆ و شەڕی چیچان، بومەلەرزەكەی كشمیر، روداوەكانی بەهاری عەرەبی، تۆماری كردون.

بەهراكیس له‌ ماوه‌ی 30 ساڵی رابردودا وه‌ك وێنه‌گرێكی به‌ناوبانگ لەسەر ئاستی جیهان ناسرابو، به‌هۆی وێنه‌كانییه‌وه‌ چه‌ندین جار خه‌ڵات كراوه‌ و خه‌ڵاتی "فۆتۆ ژۆرنالیستی جیهانی"ـشی وه‌رگرتوه‌.

رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە رۆژی 2ی ئەم مانگە یانیس بەهراكیس، بەهۆینەخۆشی شێرپەنجەوە لەتەمەنی 58 ساڵیدا كۆچی دوایی كردوە.

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×