یەكەم توشبوی كۆرۆنا لە دەربەندیخان، چاكبۆتەوە
  2020-03-27       963       

یەكەم توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەربەندیخان، دوای چاكبونەوەو جێهێشتنی نەخۆشخانە، پێی وایە كە رەنگە ئەمیش لە کەسێکی دیکەوە لە هەرێمی كوردستان توشی ڤایرۆسەکە بوبێت چونكە بەقسەی خۆی پێشتر لە سوید و سلێمانی پشکنینی بۆ کرابو، بەڵام هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی نەبوە.

ئاوێنە: حاجی سالار، کەسایەتی دەربەندیخان و یەکەم توشبوی كۆرۆنا لەو قەزایەی هەرێمی كوردستان، بە میدیای گۆڕانی راگەیاند: دوای ئەوەی بە گەشتێک لە وڵاتی سوید بوە، لە گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی لە فڕۆکەخانەی یۆتۆبۆری پشکنینی بۆ کراوەو لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش دوبارە سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە پشکنیان بۆ کرابو و هیچ نیشانەیەکی توشبونیان بە ڤایرۆسەکە نەبوە.

وتیشی: دوای گەڕانەوەم بۆ دەربەندیخان و پاش چەند رۆژێک بەهۆی نەخۆشی غوددەوە سەردانی نەخۆشخانەم کرد، پاشان دوای چەند رۆژێکی دیکە هەستم بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و کەمێک تەنگە نەفەسی کردو دوای ئەوەی چومە نەخۆشخانە و پشکنینم بۆ کرا، وتیان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بویت، بۆیە لەوانەیە منیش لە کەسێکی دیکەوە توشی ڤایرۆسەکە بوبێتم.

رونیشیکردەوە کە "لە رۆژی (21)ی ئەم مانگەوە لە نەخۆشخانەم و دوای وەرگرتنی چارەسەرکان، دوێنێ بە تەواوەتی چاکبومەتەوە و چومەتەوە ماڵەوە".

حاجی سالار لە پەیامێکیشدا داوای لە هاوڵاتیان کرد ورەیان بەرز بێت و نەترسن، هەروەها پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی بە دور بن لەو نەخۆشییە.

دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند؛ کە (12) توشبوی کۆرۆنا لە سلێمانی دوای وەرگرتنی چارەسەرەکان، بە تەواوەتی چاکبونەتەوە و گەڕاونەتەوە نێو ماڵەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×