وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق بڕی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ له‌مانگی‌ نیساندا بڵاوكرده‌وه‌
  2020-05-01       1139       

وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بڕی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت‌و داهاته‌كه‌ی‌ له‌مانگی‌ نیسانی‌ ڕابردو بڵاوكرده‌وه‌‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت، له‌مانگه‌ ڕابردودا حكومه‌تی‌ عێراق له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ وڵات بڕی‌ 103ملیۆن‌و 144 هه‌زارو 911 به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك دو ملیۆن‌و 287 هه‌زارو 165 به‌رمیل نه‌وت له‌ڕێگه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ جه‌یهانه‌وه‌ هه‌نارده‌كراوه‌.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ڕۆژانه‌ بڕی‌ سێ ملیۆن‌و 438 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه‌.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ داهاتی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌و مانگه‌دا یه‌ك ملیارو 423 ملیۆن‌و 499 هه‌زار دۆلار بووه‌، واته‌ به‌رمیلێك نه‌وت به‌ بڕی‌ 13.801 دۆلار فرۆشراوه‌.

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وەزارەتی نەوتی عێراق، ‌مانگی‌ ئازاری‌ ڕابردو حكومه‌تی‌ عێراق 105 ملیۆن‌و 118 هەزارو 523 بەرمیل نەوتی هەناردوکردووه‌ کە دەکاتە 3.39 ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، داهاتیشی لەفرۆشتنی نەوت دو ملیارو 962 ملیۆن‌و 429 هەزار دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوتی بە 28.182 دۆلار فرۆشتووە. 

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ میدیا عێراقییه‌كان له‌زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك لەکۆمپانیای‌ نەوتی‌ بەسرەوه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌ كه‌ لەئەمڕۆ هەینیەوە عێراق دەستیکردوە بەکەمکردنەوەی‌ بەرهەمهێنانی‌ نەوت لەکێڵگە نه‌وتییه‌کانی‌ بەسڕەو سەرجەم کیڵگە بەرهەمهێنەکانی‌ دیکە بە رێژەی‌ 23٪.

بڕیارەکە لەچوارچێوەی پابەندبونی‌ حكومه‌تی‌ عێراقدایه‌ بەبڕیاری ئەم دوایەی‌ وڵاتانی‌ بەرهەم هێنی‌ نەوت -ئۆپیک- بۆ کەمکردنەوەی‌ بەرهەمهێنان‌و خستنەڕوی‌ نەوت لەبازارەکانی‌ جیهاندا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×