ئێران سزای بەسەر 13 كەسدا سەپاندوە بەهۆی ناڕەزایەتیان دژبە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە
  2020-05-11       656       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند: دادگاكانی ئێران لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئێستا سزای زیندانیان بەسەر 13 كەسدا سەپاندوە بەهۆی بەشداریان لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكان سەبارەت بە خستەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە. داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات ئەو دادگاییكردنانە رابگرن كە پێشێلی مافی گردبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكەن.

ئاوێنە: لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵدا، سوپای پاسداران بەهەڵە فڕۆكەیەكی مەدەنی ئۆكرانی لە ئاسمانی ئێران خستە خوارەوە كە بە هۆی 176 كەس لەسەرنشینان و كارمەندانی فڕۆكەكە گیانیان لەدەستدا.

خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە ناڕەزایەتی بەشێك لە هاوڵاتیانی ئێرانی بەدوادا هات و بۆ ئیدانەكردنی روداوەكە لە بەشێك لە شارەكانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندان بەڕێوەچو.

لە 14ی مانگی كانونی دوەم دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندبو كە 30 كەسیان بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەستگیركردون.

رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیشە پشت بە كۆمەڵێك ئامڕاز دەبەستن بۆ خۆدزینەوە لە لێپێچینەوەو هیچ زانیارییەكیان سەبارەت بە لێكۆڵینە لەوانەی بەرپرسی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بون نەخستۆتەڕو، لەكاتێكدا دادوەران هیچ كات بە فیڕۆ نادەن بۆ سزادانی ئەو كەسانەی دژ بەو روداوە ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بەپێی راپۆرتەكە ئەو 13 كەسەی سزادراون، سزاكانیان لە شەش مانگ زیندانییەوە دەستپێدەكات تاوەكو پێنج ساڵ زیندانی.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی: لەبری دادگاییكردنی ئەوانەی مافی خۆیان پیادەدەكەن بە دەربڕینی ئازادانەی بۆچۆنەكانیان و گردبونەوە ئاشتیخوازانەكان، پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێرانی لێكۆڵینەوەی شەفاف و هاوكاری دەزگا نێودەوڵەتییەكان بكەن بۆ زانینی راستی روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئێرانییەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×