هەپەگە كوژرانی شەش سەربازی توركیای راگەیاند
  2020-05-24       394       

هەپەگە رایگەیاند: لە ئەنجامی دو چالاكی گەریلادا دژبە سوپای توركیا لە ناوچەكانی ئاڤاشین و خواكورك لە باشوری كوردستان، شەش سەربازی توركیا كوژران.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: رۆژی 22ی ئەم مانگە لەناوچەی ئاڤاشین-ی سەربە هەرێمەكانی پاراستنی میدیا لە باشوری كوردستان، گەریلا چالاكییەكی لەسەر گردی "تەپێ خودێ" دژ بە سوپای توركیا ئەنجامداوەو لە ئاكامی چالاكییەكەدا دو سەربازی توركیا كوژراون.

بەگوێرەی بەیاننامەكە هەمان ڕۆژ گەریلا لە ناوچەی خواکورک لەدژی سوپای توركیا لە گردی لێلیکان چالاکیەكی ئەنجامداوەو لە چالاكییەكەدا گورزی گەورە لە سەنگەرەکانی دوژمن دراوەو سەنگەرەکان بەتەواوی لەناوبراون و چوار سەربازی توركیاش کوژراون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە رۆژی ٢٣ی ئایار گەریلا لە ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ لە باكوری كوردستان لەدژی سوپای توركیا لەسەر گردی شەهید باگەر چالاکییەكیان ئەنجامداوەو گورزی گەورەیان لە سەنگەر و پەناگاکانی دوژمنداوە، بەڵام ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی دوژمن نەزانراوە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×