موراد قەرەیلان: توركیا دەیەوێت ناوچەیەکی کۆنترۆڵکراو لە هەرێم و رۆژئاوای کوردستان دروست بکات
  2020-07-01       1173       

موراد قەرەیلان فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل سەر بە پەکەکە، رایگەیاند، تورکیا لە چوارچێوەی پلانێکدا هێرش بۆسەر خاکی هەرێم دەکات و لە ئێستاشدا لە قۆناغی یەکەمی پلانەکەدایە، دەیەوێت ناوچەیەکی کۆنترۆڵکراو لەسەر سنوری تورکیا و هەرێم و تورکیا و رۆژئاوای کوردستان دروست بکات، لە خاکورک هەتا عەفرین.

ئاوێنه‌: موراد قەرەیلان فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل سەر بە پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی( دەنگی وڵات)، دەربارەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر تورکیا ئەم پلانەی خۆی جێبەجێبکات و کەس رێگری لێنەکات، هەموو ناوچە ستراتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ دەکات و پاشان دەست بە قۆناغی دووەمی پلانەکەی دەکات، ئەویش داگیرکردنی سەرانسەری هەرێمی کوردستانە.

قەرەیلان لەبەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوەکردووە، هێرشەکانی تورکیا لە شەنگال، شیلادزێ و سلێمانی هەر لە چوارچێوەی پلانێکدایە، دەیەوێت ترس لەلاەی خەڵک دروست بکات بەتایبەت ناوچە سنورییەکان بە هاوڵاتیان چۆڵ بکات، بۆ ئەوەی شێوازێکی ئاسانتر ئەو ناوچانە کۆنترۆڵبکات.

ئەو وتانەی موراد قەرەیلان لە کاتێکدایە، ماوەیەک سوپای تورکیا تۆبارانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە تا ئیستا بە  دەیان هاولاتی سڤیل بونەتە قوربانی، لە هەندێک ناوچەش بەشێک لە گوندەکان لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە لە ترسی تۆبارانەکان بە تەواوی چۆڵکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×