بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی سەربازیی ئەنجامدەدرێت
  2020-07-02       1489       

بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی سەربازیی لە باكوری بەغدا ئەنجامدرا.

ئاوێنه‌: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێكی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بەوەكردوە، بە فەرمانی موستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باكوری بەغدا-ی پایتەخت ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی سەربازیی ئەنجامدرا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە “ئۆپەراسیۆنەكە بە فەرمانی كازمی و بە فەرماندەیی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق هاتوەتە جێبەجێكردن و چالاكییە سەربازییەكەش بەمەبەستی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە بوە”.

باس لەوەشكراوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا یەكەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا و یەكەكانی (لیوای هێزە تایبەتەكات/ سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا و لیوای هێزی پیادەی 37 و لیوای وەڵامدانەوەی خێرا، لیوای ئەركە تایبەتەكانی پۆلیسی فیدراڵی و لیوایەكی حەشدی شەعبی) بەشداربون.

ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری ئەنجامدراوە، بەمەبەستی راوەدونان و دۆزینەوەی شانە نوستوەكانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش و پشكنینی ناوچەكان بۆ پاراستنی سەقامگیریان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×