سەحرارودی، بکوژی قاسملوو دۆستی تاڵەبانی‌و بارزانی
  2020-07-12       2918       

ئا: ئاوێنە

 

31 ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی قاسملودا تیدەپەڕێت، هەمو بەڵگەو لێكۆڵینەوەكان پەنجەی تاوانی تیرۆركردنی د.عەبدولرەحمانی قاسملو لەڤێنا بۆ محەمەد جەعفەری سەحرارودی رادەکێشن،  ئەو پاسدارەی  كە لەماوەی 20 ساڵی رابردودا هەر كاتێك هاتبێتە هەرێمی كوردستان، سەركردەکانی یەكێتی‌و پارتی باوەشیان بۆ كردوەتەوە.


بەپێی گێڕانەوەی كرێس كۆچێرای گەورە مێژونوس‌و رۆژنامەنوسی ناوداری فەرەنسی‌و شارەزای كاروباری كوردستان، رۆژی 13ی تەموزی 1989، محەمەد جەعقەری سەحرارودی، جێگری فەرماندەی ئەوکاتی قەرارگەی رەمەزان، لێپرسراوی ئەو تیمە دەبێت كە بەناوی دانوستانەوە ئەركی تیرۆر كردنی د.قاسملوو دو هاوڕێی پێدەسپێردرێت، پاش چەند خولەكێك لەدەستپێكی گفتوگۆكانیان لەباڵەخانەیەكی ڤێنای پایتەختی نەمسادا، كە قاسملو باسی "پێویستی دەستەبەركردنی خودموختاری بۆ کوردستان‌و بەدیهێنانی دیموكراسی بۆ ئێران دەكات"، لەناکاو دەنگی بەریەككەوتنی مێزو کورسییەکان‌و دەنگی کپی هاویژرانی چوار گولە دەبیسترێ‌و ئیدی هیچ...".

لەوەختی تەقەکردنەکەدا سەحرارودی بەڕێكەوت یان لەپەلە پەل‌و هەڵگەڕانەوەی گولە لەو ژورە بچوکەی کارەساتەکەی تیا دەقەومێ، گولەیەك بەر لاملی دەكەوێ‌‌و بریندار دەبێ‌و لەنەخۆشخانە دەخەوێندرێ، بەڵام پۆلیسی نەمسا ڕێگای دەدا لەنەخۆشخانە بچێتە دەرێ و پەنا بەرێتە بەر باڵیۆزخانەی ئێران لەڤێنا‌و پاش چەند رۆژێك بەدوای ئەوەدا لەئەنجامی مامەڵەیەكدا نەمسا بەرەو ئێران بەجێدەهێڵێ. 

محمەمەد جەوادی، یان محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری‌ سه‌حرارودی‌، كە راوێژکاری سەرۆکایەتی شورای ئیسلامی ئێرانە، تەمەنی 63 ساڵەو كوردێكی‌ شیعه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ قوروه‌ی‌ نێوان كرمانشان‌و هه‌مه‌دانه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ كۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌ به‌رپرسێكی‌ كارای‌ سوپای‌ پاسدران بووه‌ له‌قه‌رارگه‌ی‌ ره‌مه‌زان‌و پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی هەبوە. 

لەدوای راپەرشینەوە چەندین جار سەحرارودی ئەندامی ئەو وەفدانەی ئێران بوە كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوەو لەلایەن تاڵەبانی‌و بارزانییەوە پێشوازی لێكراوە، بەهەمانشێوە هەرجارێك كاربەدەستانی پارتی‌و یەكێتی سەردانی ئێرانیان كردبێت لەگەڵ سەحرارودی كۆبونەوەو دانیشتنیان هەبوە.

ساڵی 2007، رۆژێك به‌ر له‌هێرشه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر كونسولگه‌ریی ئێران لەهه‌ولێر كە پێنج كەسیان تیا دەستگیركرد، سەحرارودی له‌قه‌ڵاچوالان‌و مه‌سیف چاوی‌ به‌هه‌ریه‌ك له‌تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ كه‌وت. 

محەمەد جەعفەری سەحرارودی، كە ‌ پیاوی متمانەپێكراوی خامەنئی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەمو سەركردەی حزبەكان دەیناسن‌و دەشزانن كە ئەو تۆمەتبارە بەتیرۆر كردنی قاسملو. سەرکردەیەکی حیزبی دیموکرات سەبارەت بەو پێسوازە گەرمەی بەردەوام لە سەحرارودی کراوە لەهەریمی کوردستان دەلێت "پێشوازی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لەسەحرارودی بەهەمان ئەندازە رەوایە کە ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازیمان لەعەلی کیمیاویی بکردایەو باوەشمان بۆ بکردایەتەوە".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×