2020-07-13   556     
یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە جەزائر راگەیەندراوێکی لەبارەی شێوازی بەڕێکردنی جەژنی قوربانیی ئەمساڵ، بڵاوکردەوە.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوەکەدا سوپاسی ئەو کەسانە کراوە کە پرسیویانە “دەکرێت ئەم جەژنە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەبری سەربڕینی قوربانیی، پارەکەی بکرێت بە خێر؟”.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەیشدا ئەوە خراوەتەڕوو کە “خێرکردن ناتوانێت جێگەی قوربانیی بگرێتەوە”.
داوایش لە هاووڵاتییان کراوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە سەردانی جەژنەپیرۆزە ئەنجام نەدەن و لەبری ئەوە تەنها لە دوورەوە پیرۆزبایی لە یەکتر بکەن.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەندامی پەرلەمانی جەزائر، عەبدولوەهاب زەعیم پێشنیازی ئەوەی کردبوو ئەم جەژنە، قوربانیی نەکرێت و لەبری ئەوە پارەی قوربانییەکە بدرێت بە هەژاران و ئەو کەسانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) زەرەرمەند بوون.
تا ئێستاش ئەنجوومەنی فتوای سەربە وەزارەتی کاروباری ئایینی ئەو وڵاتە لە بارەی ئەم بابەتەوە لێدوانی نەداوە.