دوای 86 ساڵ، ئەمڕۆ جارێكی تر نوێژی هەینی لە ئایاسۆفیا بەڕێوەدەچێت
  2020-07-24       1048       
ئەردۆغان دوێنێ پێنجشەممە سەردانی ئایاسۆفیای كرد. فۆتۆ: فرانس پرێس

دوای ئەوەی مۆزەخانەی ئایاسۆفیا گۆڕدرا بۆ مزگەوت، ئەمڕۆ هەینی، دوای 86 ساڵ، جارێكی تر نوێژی هەینی لەو شوێنە بەڕێوەدەچێت.

ئاوێنە: تەمەنی بیناكەی ئایاسۆفیا بۆ سەدەی شەشەمی زایینی دەگەڕێتەوە كە وەك كڵێسایەكی ئەرتەدۆكسی لە قوستەنتینیەی پایتەختی ئیمپراتۆریەتی رۆمای رۆژهەڵات، دروستكرا.

دوای نۆ سەدە لە دروستكردنی، ئەو كڵێسایە لەسەر دەستی عوسمانییەكان كرایە مزگەوت و چەند ساڵێك دوای جەنگی جیهانی یەكەم و دامەزراندنی كۆماری توركیا، ئایا سۆفیا، لە ساڵی 1934 كرایە مۆزەخانە.

بینای ئایاسۆفیا بە یەكێك لە شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی گەشتیاری لە ئیستانبوڵ و بەشێك لە میراتی جیهانیی یونسكۆ دەژمێردرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی تر لە ئایاسۆفیا نوێژی هەینی بەڕێوەبچێت.

دادگای توركیا مانگێك لەمەوبەر سەبارەت بە پێگەی ئایاسۆفیا وەك مۆزەخانە بڕیاری دا بەكارهێنانی ئەو شوێنە جگە بۆ كاروباری مزگەوت بۆ هیچ كارێكی دیكە لەڕوی یاساییەوە رێگەپێدراو نەبێت.

بڕیارەكەی توركیا بۆ گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت روبەڕوی رەخنەی زۆر بوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەوانە پاپا فرانسیس، رابەری كاسۆلیكەكانی جیهان، بڕیارەكەی بە "ئازاربەخش" ناوبرد.

گروپە ئیسلامییەكان و پشتیوانانی ئەردۆغان لە توركیا پێشوازیان لە بڕیارەكە كرد بەڵام رەخنەگرانی سكۆلار و چەپەكانی توركیا دژی بڕیارەكە وەستانەوە.

ئەردۆغان لەكاتی بڕیارەكەی دادگادا بۆ گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت، رایگەیاند: دوای 86 ساڵ ئایاسۆفیا جارێكی دیكە دەبێتەوە بە مزگەوت، بەهەمان ئەو شێوەیەی كە سوڵتان محەمەد فاتیح كردبوی.

سوڵتان محەمەدی دوەم كە بە فاتیح ناسراوە، سوڵتانێكی عوسمانی بو كە لە جەنگی مەسیحییەكاندا سەركەوت و توانی قوستەنتینییە(ئیستانبوڵی ئەمڕۆ) داگیربكات.

ساڵانێكە رەجەب تەیب ئەردۆغان و حزبەكەی بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی "عوسمانییە نوێكان" تۆمەتباردەكرێن كە سیاسەتەكەیان فراوانخوازی و تێكەڵەیەك لە نەتەوەپەرستی و ئیسلامگەرایی لەسەر بنەمای مێژوی عوسمانی لەخۆدەگرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×