ئێران: مانگێك دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای شاردۆتەوەو تا ئێستاش ئاماری راستەقینەی گیان لەدەستدان ئاشكرا ناكات
  2020-08-03       427       

پاش مانگێك لەدەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرنا، كاربەدەستانی ئێران بەفەرمی رایانگەیاندوە كە ئەم حاڵەتە بەدیكراوەو لەژێر گوشاری "ئەمنی"دا شاردویانەتەوە، تا ئێستاش ژمارەی راستەقینەی ڤیان لەدەستدان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا ئاشكرا ناكەن.


ئاوێنە: بەشی فارسی كەناڵی بی بی سی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی پزیشكییەوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو ژمارانەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی فەرمی سەبارەت بەحاڵەتی توشبون‌و گیان لەدەستدان بەڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاویان دەكاتەوە زۆر لەو ژمارەیە كەمترن كە بەشێوەیەكی راستەقینە بونەتە قوربانی.


بەپێی ئەو لیستەی سەبارەت بەحاڵەتی توشبون‌و گیان لەدەستدان بی بی سی بڵاویكردوەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ماوەی مانگێك دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسەیان لەخەڵكی شاردوەتەوە‌و زۆرترین رێژەی گیان لەدەستدانیش لەشاری قوم‌و تارانی پایتەختدا بوە.


بی بی سی جەغت لەوە دەكات كە ژمارەی راستەقینەی توشبون‌و گیان لەدەستدان بەپێی ئەو لیستەی دەستیان كەوتوە پێنج هێندە زیاترە لەوەی كاربەدەستانی ئێران بەفەرمی رایانگەیاندوە.


ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی راگەیاندراوی فەرمی ئێران لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا 215 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە‌و 2 هەزار‌و 598 كەسیش توشبون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×