سوپای پاسداران: بە زوترین کات وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا و سعودیە دەدەینەوە
  2020-08-23       602       
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەن بۆ پوچەڵکردنەوەی "پلانگێڕی ئەمریکا و هاوپەیمانی عەرەبی" بە سەرۆکایەتی سعودیە، بە زوترین کات وەڵامیان دەدەنەوە.

ئاوێنە: کیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانگێڕی ئەمریکا و سعودیە لە دژی وڵاتەکەیان".

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای پاسداران هێندە بەرەپێشچوە کە بتوانێت بەرەنگاری هەر هەڕەشەیەک بێتەوە کە لەناوچەکە لێیدەکرێت، جا ئەو هەڕەشانە لەلایەن سعودیە، ئەمریکا یان ئیسڕائیل بێت جیاوازی نییە.

حەیدەری باسی لەوەشکرد، لەپاش شەڕی ئێران- عێراق تواناکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، سوپای وڵاتەکەی ئەو توانایانە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە بەکارناهێنێت، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و مافەکانی سەروەری وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دو سەرچاوەی باڵای ئەمریکا بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی دوشەممە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیماڕات و ئیسڕائیل بکات، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی نێوانیان، "هەڕەشەکانی چین و ئێران" لە ناوچەکە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×