میكۆنۆس، هەمو بکوژەکانی شەرەفکەندی لەئەڵمانیا ئازاد کران
  2020-08-28       2149       

ئا: ئاوێنه‌


كات: 17ی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ 1992 - كاتژمێر 11ی‌ شه‌و
شوێن: ریستۆرانتی‌ میكۆنۆس شه‌قامی‌ پراگ، به‌رلین، ئه‌ڵمانیا



د.سادقی‌ شه‌ره‌فكه‌ندی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، لەگەڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداری‌ كردن له‌كۆنگره‌ی‌ سۆسیال ئه‌نته‌رناسیۆنالدا چوونه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا، ئه‌و ئێواره‌یه‌ له‌ریستۆرانتی‌ هاوڕێیه‌كی‌ ئێرانییاندان‌و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌رویزی‌ ده‌ستماڵچی‌ نه‌یاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران گفتوگۆیانه‌ كه‌ چۆن هێزو تواناكانی‌ ئۆپۆزیسیۆن رێكخه‌ن؟
له‌لابه‌لای‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌دا په‌رویزی‌ ده‌ستماڵچی‌ له‌ د.شه‌ره‌فكه‌ندی‌ ده‌پرسێ‌ كه‌ چۆن له‌"مه‌رگ‌و ژیان" دوو رازه‌ جاویدانی‌‌و په‌ی‌ پێنه‌بڕاوه‌كه‌ی‌ مرۆڤ ده‌ڕوانێت؟
شه‌ره‌فكه‌ندی‌ بزه‌ی‌ دێ‌‌و ده‌ڵێت: "جارێكیان له‌ناو دارو په‌ردووه‌كانی‌ كوردستاندا باسی‌ مه‌رگ‌و ژیانم له‌گه‌ڵ‌ پێشمه‌رگه‌كاندا ده‌كرد، له‌پڕ یه‌كێكیان هه‌ستاو بازێكی‌ دا‌و وتی‌: به‌ینی‌ مه‌رگ‌و ژیان ئه‌وه‌نه‌یه‌".
ئاله‌م كاته‌دا، سێ‌ كه‌س خۆیان ده‌كه‌ن به‌ریستۆرانه‌كه‌دا كه‌ ته‌نها نۆ كه‌سی‌ چه‌كدار تیایه‌، یه‌كێكیان ده‌رگای‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌یان لێده‌گرێ‌‌و یه‌كێكیان پشته‌وه‌یان لێده‌گرێ‌‌و كه‌سی‌ سێهه‌میشیان به‌ره‌و لای‌ مێزه‌كه‌ی‌ د. شه‌ره‌فكه‌ندی‌ هه‌نگاو ده‌نێت و رووی‌ چه‌كه‌كه‌ی‌ ده‌كاته‌ شه‌ره‌فكه‌ندی‌‌و له‌چركه‌ ساتێكدا ئه‌م پیاوكوژه‌ موحته‌ریفه‌ ده‌یانداته‌ به‌ر رێژنه‌ گولله‌و ریستۆرانته‌كه‌ پڕ ده‌كات له‌ژاروژه‌نگی‌ دوكه‌ڵ‌‌و باروت‌و خوێن.
به‌دوای‌ دوو ده‌ستڕێژدا، بۆ ساتێك بێده‌نگی‌ ناو هۆڵی‌ ریستۆرانته‌كه‌ داده‌گرێ‌. له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه‌سی‌ یه‌كه‌م ده‌ڕوا، كه‌سی‌ دووه‌میان دێت تا دڵنیا بێت له‌كوشتنیان، دوا گولله‌ ده‌نێت به‌شه‌ره‌فكه‌ندییه‌وه‌. به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ په‌رویزی‌ ده‌ستماڵچی‌ له‌م له‌حزه‌یه‌دا كه‌ ئه‌م كه‌سی‌ دووه‌مه‌ ده‌بینێت هومایۆنی‌ ئه‌رده‌ڵان له‌سه‌ر عه‌رده‌كه‌ له‌ناو خوێنا كه‌وتووه‌و هێشتا گیانی‌ تیا ماوه‌و به‌ده‌م برینه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ری‌ ده‌جوڵێنێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و دوا گولله‌ش ده‌نێت به‌وه‌و ده‌یكوژێت.
سه‌ره‌نجام ئه‌و شه‌وه‌ چوار كه‌سایه‌تی‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌‌و تیرۆر ده‌كرێن كه‌ بریتین له‌د.سادقی‌ شه‌ره‌فكه‌ندی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، فه‌تاحی‌ عه‌بدولی‌ نوێنه‌ری‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ئه‌وروپا، همایۆنی‌ ئه‌رده‌ڵان نوێنه‌ری‌ حیزبه‌كه‌ له‌ئه‌ڵمانیا‌و نوروڵا محه‌مه‌د پور ده‌هكوردی‌ وه‌رگێڕی‌ شه‌ره‌فكه‌ندی‌. له‌هه‌مانكاتدا چوار كه‌سی‌ دیكه‌ی‌ ناو ریستۆرانه‌كه‌ش بریندار ده‌كرێن.
په‌رویزی‌ ده‌سماڵچی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "به‌دوای‌ ئه‌وه‌دا، زۆربه‌ی‌ جه‌لاده‌ به‌شداربووه‌كانی‌ تیمی‌ تیرۆر كردنه‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن‌و ده‌ڵێت: "گرنگترینیان بریتین له‌"كازمی‌ دارابی‌ به‌رپرسی‌ تیمی‌ تیرۆر كردنه‌كه‌ كه‌ ئه‌ندامی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئیتیلاعاتی‌ ئێرانه‌‌و حوكمی‌ زیندانی‌ ئه‌به‌دی‌ به‌سه‌ردا درا‌و پاش ١٥ ساڵ مانەوە لەزیندان دوای ئازاد کردنی گەڕایەوە ئێران‌، عه‌باس رەحیل كه‌ سه‌ر به‌حیزبوڵای‌ لوبنانه‌‌و ئه‌و كه‌سه‌یه‌ دوا گوله‌ ده‌نێت به‌شه‌ره‌فكه‌ندی‌‌و هاوڕێكانییه‌وه‌، بەهەمانشێوە پاش ١٥ ساڵ مانەوە لەزیندان دوای ئازاد کردنی گەڕایەوە لوبنان. یوسف ئه‌مین ئه‌ندامی‌ حیزبوڵای‌ لوبنان‌و ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌رگاكه‌ی‌ لێگرتین‌و دادگا حوكمی‌ یانزه‌ ساڵ‌ زیندانی‌ كردنی‌ دا به‌سه‌ریا كه‌چی‌ دوای‌ حه‌وت ساڵ‌ ئازاد كرا‌و ئێستا له‌لوبنان له‌ریزه‌كانی‌ حیزبوڵادایه‌. محه‌مه‌د ئیدریس كه‌ سه‌ر به‌حیزبوڵای‌ لوبنان‌و عه‌تاوڵای‌ ئه‌یاد كه‌ئه‌ندامی‌ حه‌ره‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌له‌ كۆمه‌كیان كرد بوو له‌تیرۆر كردنه‌كه‌دا‌و یه‌كی‌ به‌چوار پێنج ساڵ‌ حوكم دران‌و پاشان ئازاد كران‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لوبنان، عه‌لی‌ سه‌برا كه‌ سه‌ر به‌حیزبوڵای‌ لوبنانه‌و توانی‌ دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كه‌ هه‌ڵبێت‌و ئێستا له‌لوبنان له‌ناو حیزبوڵا‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش عه‌بدولڕه‌حمانی‌ به‌نی‌ هاشمی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌موحته‌ریفه‌ به‌ئه‌زمون‌و كارامه‌كانی‌ تیرۆركردنی‌ نه‌یارانی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی له‌ناوەوه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ یه‌كه‌مجار ده‌ستڕێژه‌كانی‌ له‌شه‌ره‌فكه‌ندی‌‌و هاوڕێكانی‌ كرد‌و به‌دوای‌ ئه‌وه‌شدا توانی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و ئێران هه‌ڵبێت.

 
د.سادقی‌ شه‌ره‌فكه‌ندی

كازمی‌ دارابی

كازمی‌ دارابی‌و عه‌باس رەحیل‌و  یوسف ئه‌مین‌و عه‌بدولڕه‌حمانی‌ به‌نی‌ هاشمی
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×