یۆنان زانیاری زیاتر لەسەر چارەنوسی ئەو پەنابەرانە ئاشكرادەكات كە بەلەمەكەیان ژێرئاو كەوت
  2020-08-28       635       

پۆلیسی ئێشكگیری دەریایی یۆنان، ئاشكرایكرد، ژمارەی پەنابەرانی سەر ئەو بەلەمەی شەوی سێشەممەی رابردو لە دەریای ئیجەدا لەسنوری یۆنان ژێرئاوکەوت، 100 كەس بوە و 96 پەنابەریان رزگاركراون.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراق، پۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنان ڕایگەیاند"ئەو پەنابەرانەی لە شەوی سێشەمە ڕێکەوتی  ٢٥/٨/٢٠٢٠ بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوت، لە کەنارە دەریاییەکانی تورکیا لە ناوچەی فەتحیە بەڕیکەوتبون و بە نیازبون بچنە وڵاتی ئیتاڵیا."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەو پەنابەرانە ژمارەیان 100 كەس بوەو وتوشیەتی"ئێمە تا ئێستا تەنها ( ٩٦ ) پەنابەرمان ڕزگارکردون و بەردەوامیشین لەگەڕان بەدوای پەنابەرە بێسەروشوێنەکان بەکەشتی و بەلەم و هەلیکۆپتەر."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پەنابەرەكان، بریتین لە پەنابەری (کوردو عێراقی، سوری، سۆماڵی ،تورک)

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا"لەکاتی ڕزگارکردنی پەنابەرەکاندا بەلەمێکی ئێشکگری دەریایی تورکیا بێزاری کردون و ناچاریان کردون (١٩) پەنابەر لە کۆی (٩٦) پەنابەرە رزگارکراوەکان ڕادەستی پۆلیسی ئێشکگری دەریایی تورکیا بکەن."

بەپێی هەواڵەکانی یۆنان یەکێك لەپەنابەرە ڕزگارکراوەکان کە ژنە پەنابەرێکی سۆماڵیە بە پۆلیسی ئێشکگری دەریاوانی یۆنانی ڕاگەیاندوە کە هاوسەرو کوڕەکەی لەگەڵدابون بەڵام لەناو پەنابەرە ڕزگارکراوەکاندانین و دیارنین، پۆلیسی ئیشکگری دەریاوانی یۆنانیش وتویەتی"نازانین هاوسەرو کوڕەکەی لەناو ئەو (١٩) پەنابەرانەن کە ڕادەستی پۆلیسی ئێشکگری تورکیا کراون یان لەناو پەنابەرە بێسەروشوێنەکانن چونکە چارەنوسی ئەو (١٩) پەنابەرەش لای پۆلیسی ئێشکگری دەریایی تورکیا هێشتا نادیارە."

پۆلیسی ئێشکگری دەریایی یۆنان لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وتی: لە ناو پەنابەرە ڕزگابوەکاندا سێ کەسیان ڕێبەرو قاچاخچی پەنابەرەکان بون دەستگیركراون کە خەڵکی (عێراق، سوریا، فەڵەستین)ن.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×