2020-08-28   454     
دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمریكا بهڕسمی کاندیدکردنەوەی لەلایەن کۆمارییەکانەوە بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتهكهی پەسەندکردو هوشداریدا ئەگەربێتو دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکان ببنەوە ئەوا ئەمریکا بەرەو سۆشیالستیو لەناوچون دەبەن.
ئاوێنه: شهوی رابردو لەچوارەمو دوایین شەوی کۆنگرەی کۆماریـیەکاندا، لەکۆشکی سپیو بەئامادەبونی سەدان کەس دۆناڵد ترهمپ وتاری پەسەندکردنەکەی بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی پـێشکەشکردو وتی، " ئەمشەو بەدڵێکی بڕ لەسوپاس و گەشبینیەکی بێ سنور، بەشانازییەوە کاندیدکردنم بۆ پـۆستی سەرۆکی ئەمریکا پەسەند دەکەم."
وتیشی، پارتی کۆماریی، پارتەکەی ئەبراهام لینکن ئامادەیە پـێشوازی بکات لەملیۆنان دیموکرات و سەربەخۆو هەر کەسێک بڕوای بەگەورەیی ئەمریکاو دڵە باشەکەی ئەمەریکایـیەکان بێت.
ئاماژهی بۆ ئهوهشكرد كه لەخولی نوێدا وەک سەرۆک جارێکی دیکە مەزنترین ئابوری لەمێژودا بنیاددەنێتەوەو بەخێرایی تەواوی کارەکان دەگەڕێنێتەوە وە لەگەڵ ئەوەشدا بەرگری لەئەمریکا دەکات لەبەرامبەر هەر هەڕەشەو مەترسیـیەک.
ترهمپ رایگهیاند، ئەم پەتای کۆرۆنایە کە لەتەواوی جیهاندا بڵاوبۆتهوه، وا ئێستا ئەمریکییەکان ئازایانە ڕوبەڕوی دەبنەوەو چارەسەری بۆ دادەنێن و بەر لەکۆتایی ساڵ یان زوتر ڤاکسینەکەی بۆ دروستدەکەن و کۆتایی بەم پەتایە دەهێنن.
بهوتهی سهرۆكی ئهمریكا، ئهو ئەمریکا مەزنەی بنیادنراوە ئێستا لەبەردەم مەترسیدایە وە ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەمێژوی وڵاتەکەدا. وتیشی، هەرگیز ئەمریکا پـێشتر وەک ئێستا نەبووە کە دەنگدەری ئەمەریکیی لەبەردەم دوو بژاردەی ڕوندابێت، دو تێڕوانینی جیاواز، دو فەلسەفەی جیاوازو دو ئەجێندای جیاواز.
دۆناڵد ترهمپ ئهوهشی وت، ئەم هەڵبژاردنە بڕیار دەدات ئایا خەونی ئەمریکیـیەکان ڕزگاری دەبێتو دەمێنێتەوە یان ئەجێندای سوشیالیستی لەناوی دەبات... ئەم هەڵبژاردنە بڕیار دەدات ملیۆنان هەلی کار بەموچەی زۆرەوە بەخێرایی دابینبکرێن یان پـیشەسازی ئەمریکا نەمێنێت و ملیۆنان کار بەرەو دەرەوەی ئەمریکا ببرێن.
هەروەها وتی، "دەنگی ئێوە بڕیار دەدات یان ئەوەتا پارێزگاری لەو ئەمریکییانە دەکەین کە پابەندی یاسا دەبن یانیش ڕێگە بەگێرشێوێن و تاوانکاران دەدەین هەڕەشە لەهاوڵاتیانمان بکەن."
ترهمپ ڕەخنەی لەتێڕوانینی دیموکراتەکان گرتو وتی، "لەکۆنگرەکەی دیموکراتەکاندا جۆو بایدنو پارتەکەی هەر هێرشیانکردووەتە سەر ئەمریکا، گوایە نیشتمانێکە ستەمی ڕەگەزی و ئابوری و کۆمەڵایەتی تێدایە. بۆیە ئەمشەو پـرسیارێکی زۆر ساناتان لێدەکەم: چۆن پارتی دیموکرات داوای ڕێبەرایەتی وڵاتەکەمان دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی کاتەکەی تەرخانکردووە بۆ ڕوخاندنی وڵاتەکەمان؟".
پاشان دیموکراتەکانی بەچەپڕەو وێناکردو رایگهیاند، لەتێڕوانینی دواکەوتوی چەپەکانەوە، دیموکراتەکانی ئەمریکا بەئازادترین و دادپەروەرترین وڵات دانانێن، بەڵکو وەک وڵاتێکی خراپەکار لێی دەڕوانن کە دەبێت لەسەر گوناحەکانی سزابدرێت.