2020-09-13   651     
لەسەر ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوه له بەحرەین دەکات.
ئاوێنه: سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەوڵه یەک لەدوای یەکەکانی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل به سەرپەرشتیی ئەمەریکا و سەرۆک کۆماری ئەم وڵاته سەرناگرێت، هەوڵەکان لەلایەن موسڵمانان پێچەوانه دەکرێنەوه و ئیسرائیل لەسەر جوگرافیای وڵاتانی ئیسلامی لادەدرێت.
ئەو هەڕەشانەی سوپای پاسداران، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوەیە کە دوێنێ (شەممە، 12-9-2020) لەلایەن بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات، دەڵێ "فەرمانڕەوای جەلادی بەحرێن، دەبێت چاوەڕوانی تۆڵەسەندنەوەی تووندی موجاهیدانی قودس و خەڵکی موسڵمان و بە غیرەتی ئەم وڵاتە بێت".
سوپای پاسداران پێی وایه بڕیاری ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەوڵی ئەمریکایه بۆ پاراستنی ئیسرائیل، هەروەها بۆ ئەوەیه دەرگای کەنداو و دەریای عەمان بەڕووی ئیسرائیلدا بکرێتەوه.
دەشڵێت "ئەم هەوڵانه هیچ دەستکەوتێکیان بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانانی نابێت و موسڵمانان تۆڵەی ئەمانه له ئیسرائیل دەکەنەوه".