حەسەن روحانی: هەندێک وڵاتی عەرەبی دەیانەوێت سەروەری ناوچه‌كه‌ بدەنە ئیسرائیل
  2020-09-16       513       

سەرۆک كۆماری ئێران، حەسەن روحانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە، رایگه‌یاند، حکوومەتی هەندێک وڵاتی ناوچەکە چۆن دەتوانن دەستی رێککەوتن بۆ ئیسرائیل درێژ بکەن کە رۆژ بە رۆژ تاوانەکانی بەرامبەر گەلی فەڵەستین زیادتر دەبن. ئەوان دەیانەوێت سەروەری ناوچەکەدا بدەنە ئیسرائیل.  

ئاوێنه‌: حەسەن روحانی لەبارەی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانەوە دوا کە دوێنێ لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرێن واژوو کرا و وتی: "بەداخەوە حکوومەتی هەندێک وڵاتی ناوچەکە کە گەلەکانیان موسڵمان و لایەنگری ئیسلامن، نە دەزانن ئایین چییە و نە دەزانن بەرپرسیاریەتییەکانیان بەرامبەر گەلەکانی خۆیان و فەڵەستین چیین. ئەم وڵاتانە چۆن دەتوانن دەستی رێککەوتن بۆ ئیسرائیل درێژ بکەن کە رۆژ بە رۆژ تاوانەکانی بەرامبەر گەلی فەڵەستین زیادتر دەبن. ئەوان دەیانەوێت سەروەری بدەنە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا."

وتیشی، " لەبەرامبەر ئەو ئەنجامە خراپانەی دەشێت بێنە ئاراوە ئەو وڵاتانە بەرپرسیارن کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیان پێشێل کردووە".

حەسەن روحانی ئاماژەی بەو قۆناغە دا کە ئەمریکا لە ٢١ی ئابەوە دەستیپێکردوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران و رایگەیاند "ئەمە قۆناغێکی یەک مانگییە و لە ٢٠ی ئەیلوولدا کۆتایی دێت کە خۆشبەختانە تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە تیایدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".

سەرۆک كۆماری ئێران باسیشی لە لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ کرد کە وتبووی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە و بە لێدوانێکی دوور لە راستی وەسفی کرد و وتی: تەنها دوو-سێ وڵاتی جیهان دوای ئەمریکا کەوتبوون. ئەوانیش رژێمی زایۆنستی ئیسرائیل و یەک-دوو وڵاتی بچووکی دیکە بوون. جگە لەوان هیچ وڵاتێک پشتیوانی ئەمریکای نەکرد".

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لایەنە ئەورووپییەکانی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دژبە ئەمریکا وەستاونەتەوە و بەمەش ئێران سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر ئەمریکا بەدەستهێناوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×