"به ‌60 هه‌زار پشكنین بۆ هاوڵاتیان ده‌كرێ و ‌لەسەر پسوڵەكانیش بڕە پارەیەكی كەمتر دەنوسن"
  2020-09-17       1114       

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: هەر هاوڵاتییەك لە ئێرانەوە دەگەڕێتەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی حزبی بەئیجباری پشكنینی كۆرۆنای بە 60 هەزار دینار بۆ دەكرێت بەڵام لەسەر وەسڵەكان(پسوڵەكان) بڕە پارەیەكی كەمتر دەنوسن.

ئاوێنە: رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دیسان لەمەرزەکان کۆمەڵێک دزو پارەخۆر و بازرگانی چاوچنۆکی تر لەدایک بون، ئەمجارەیان هەر کەسێک لە وڵاتی ئێران دەگەڕێتەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی حیزبی بەشێوەی ئیجباری پشکنینی کۆرۆنای بۆ دەکەن بە (٦۰) هەزار دینار بەڵام لەسەر وەسڵەکان بڕە پارەیەکی کەمتر دەنوسن و لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامی پشکنینەکەی پێ نادەنەوە."

بەپێی وێنەی پسوڵەیەكی پكشنینی كۆرۆنا كە لە مەرزی باشماخ كراوەو لەلایەن ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بڵاوكراوەتەوە، لەسەر پسوڵەكە 25 هەزار دینار نوسراوە لەكاتێكدا بەقسەی ئەو 60 هەزار دینار بۆ پشكنینەكە وەرگیراوە.

وتوشیەتی"لەهەموی سەیرتر ئەوەیە ئەم پارەیە بۆ کۆمپانیایە تەنها ڕێژەیەکی زۆر کەمی نەبێت دەدرێت بە کارمەندانی تەندروستی ناو مەرزەکە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"چاوچنۆکی گەشتوەتە ئەو ڕادەیەی کە ئەوەندەی چاویان لەگیرفانی هاوڵاتی ڕەش و ڕوتە نیو هێندە بیریان لای تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتی نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×