كاكه‌ییه‌كان: ده‌ست بۆ پیرۆزییه‌كانمان مه‌به‌ن
  2020-09-19       797       

   ئا: میهره‌بان سه‌لام



كاكه‌ییه‌كان كه‌ باوه‌ڕیان به‌"دۆناودۆن" هه‌یه‌و سمێڵیش به‌لایانه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی‌ جیاكه‌ره‌وه‌یانه‌، نیگه‌رانن له‌وه‌ی‌ وه‌ك كه‌مایه‌تی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرێ‌‌و له‌هه‌ندێك شوێنیش سوكایه‌تی‌ به‌پیرۆزییه‌كانیان ده‌كرێت.

 
كاكه‌ییه‌كان یان ئه‌هلی‌ یارو یارسانه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ئایینه‌كانی‌ كوردستان‌و لێره‌و له‌وێ زۆر شتی‌ جیاواز له‌سه‌ریان ده‌وترێ‌‌و له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی‌ كوردستاندا دابه‌شبوون‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا مه‌ڵبه‌ندی‌ سه‌ره‌كییان دێی‌ هاوارو هه‌واره‌كۆن‌و داری‌ تووه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ نزرگه‌ی‌ كه‌سایه‌تییه‌كانیان له‌و شوێنه‌یه‌و ئه‌وانیش به‌جێگه‌یه‌كی‌ پیرۆزی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن.
مامۆستای‌ مێژوو له‌زانكۆی‌ راپه‌ڕین "د.سه‌یوان عه‌لی‌ ڕه‌زا" سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئایینی‌ كاكه‌یی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "كاكه‌ییه‌كان چه‌ند ناوێكیان هه‌یه‌و به‌ "یارسان"‌و "ئه‌هلی‌ هه‌ق"‌و "عه‌لی‌ ئیلاهی‌"‌و "عه‌له‌وی‌" ده‌ناسرێن‌و مێژووی‌ دروستبوونی‌ ئه‌وان به‌وردی‌ رووننییه‌و بۆچوونی‌ جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ری‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش درووستبوونی‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام، ئه‌و وتی‌ "به‌پێی‌ ئه‌و لێكۆلینه‌وانه‌ی‌ كراون ئاینی‌ یارسان یان ئه‌هلی‌ هه‌ق به‌شێك بووه‌ له‌ئایینی‌ زه‌رده‌شت‌و میتراییه‌كان، چونكه‌ ئه‌م ئایینانه‌ زۆر لێكه‌وه‌ نزیكن‌و بۆ نموونه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ڕۆژو ڕووناكی‌‌و ئاگریان خۆشویستوه‌و موقه‌ده‌س بووه‌ به‌لایانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌گشتی‌ میژوویه‌كی‌ دیاریكراو‌و ساڵێكی‌ دیاریكراو نییه‌ تاوه‌كو دیاری‌ بكه‌ین بۆ سه‌رهه‌ڵدانیان".
د. سه‌یوان باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ ئاینی‌ یارسان گه‌شه‌ی‌ سه‌ندووه‌و بڵاوبوه‌ته‌وه‌ له‌زه‌مانی‌ بالولی‌ ماهی‌‌و پاشان شاخوه‌شێن‌و پاشان سوڵتان ئیسحاق‌و له‌وێ بارگه‌ی‌ خۆی‌ داناوه‌و  هه‌ر له‌وێش ماوه‌ته‌وه‌ ئیستاش یارانی‌ ئه‌هلی‌ هه‌ق  بۆ ته‌وافكردن سه‌ردانی‌ مه‌زارگه‌كه‌یان ئه‌كه‌ن.

 

لەجوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کاکەیی‌و عەلەوییەکان‌ لەچەند شوێن‌و وڵات‌و مەڵبەندی جیا جیای کوردستان‌و ئێران‌و تورکیاو سوریاو لوبناندا دابەش بون، هەڵکسانی ململانێی تائیفی لەم ناوچەیەدا جۆرێک لەهاودەردی لەنێوان ئەواندا دروست کردوە کە لەچەندین باوەڕی وەک دۆناودۆن‌و دابونەریتی ئایینی تایبەت بەخۆیاندا یەکدەگرنەوە.


شوێنی‌ جوگرافی‌ ئایینی‌ کاکەیی‌و یارسانه‌كان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستاندا هه‌مه‌دان‌و داڵاهۆو قه‌سری‌ شیرین‌و كرماشان‌و جوانڕۆیه‌و له‌وێشه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ ناو سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌ورامان‌و هاوارو هه‌واره‌كۆن‌و داره‌ توو هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌روه‌ها كاكه‌ییه‌كان له‌موسڵ‌‌و كه‌ركوك‌و زه‌نقڕو پاشان هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و كۆیه‌و خانه‌قینیش هه‌ن. 
ئایینی‌ كاكه‌یی‌ وه‌ك هه‌ر ئایینێكی‌ دیكه‌ په‌یڕه‌وو به‌رنامه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌و كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌شی‌ به‌ناوی‌ "سه‌رنجام"‌و باوه‌ڕیان به‌دۆستایه‌تی‌‌و ركیان له‌توندوتیژییه‌.

 

ئاكۆ محه‌مه‌د كه‌ مامۆستایه‌كی‌ كاكه‌ییه‌، وتی‌ "ئایینی‌ كاكه‌یی‌ به‌دوو شت به‌ناوبانگه‌و مایه‌ی‌ پرسیاره‌ لای‌ خه‌ڵكی‌، پێمخۆشه‌ ئاماژه‌ی‌ پێبده‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ یارسانیان یان په‌یڕه‌وانی‌ ئه‌هلی‌ هه‌ق باوه‌ڕیان به‌دۆناودۆن هه‌یه‌ واته‌ ئه‌گه‌ر كردارو ڕه‌فتارت له‌ژیاندا باش بێت‌و تاوان‌و گوناهت نه‌كردبێت ئه‌وا دوای‌ مردن جارێكیتر ده‌كرێیته‌وه‌ به‌مرۆڤ  یان شتیكی‌ باشتر، هه‌روه‌ها سمێڵ كه‌ زۆر پرسیاری‌ ده‌رباره‌ ده‌كرێ‌ بۆ یارانی‌ ئه‌هلی‌ هه‌ق ده‌یهێڵنه‌وه‌، به‌لای‌ ئه‌وان به‌یه‌كێك له‌ره‌مزه‌كانی‌ كاكه‌ییه‌كان داده‌نرێت‌و سوكایه‌تیپێكردنی‌ سمێڵ واته‌ سوكایه‌تی‌ به‌ئایینی‌ كاكه‌یی"‌.

م.ئاكۆ باسی‌ له‌و هاودینانه‌ی‌ خۆی كرد كه‌ له‌كرماشان چەند ساڵێک لەمەوبەر سێ له‌یارانی‌ ئه‌هلی‌ حه‌ق گیران‌و به‌هۆی‌ سوكایه‌تیپێكردنیانه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سمێڵ‌ تاشینیانه‌وه‌ ئاگریان له‌خۆیان به‌ردا، لێره‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ شتێكیان پێنه‌كراوه‌ له‌ئاست کۆماری ئیسلامی‌ ئێراندا هاوخه‌می‌‌و پرسه‌یان بۆ هه‌ریه‌ك له‌كۆچكردوان داناوه‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا توشی‌ گیروگرفت نابن له‌گه‌ڵ ئاینه‌كانی‌ تردا، ناوبراو وتی‌ "ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئایینه‌كاندا باشه‌و گونجاوه‌و ڕێز له‌یه‌كتر ده‌گرین، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ئیشوكار هه‌ن بۆ كاكه‌ییه‌كان گونجاو نییه‌و ناكرێت چونكه‌ موشته‌رییان نابێت‌و به‌غه‌یره‌دینیان داده‌نێن، به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مینه‌شن زۆربه‌ی‌ كاكه‌ییه‌كان خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ن‌و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی‌ دام‌وده‌زگا حكومییه‌كانه‌وه‌ دابمه‌زرێن".

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×