شانۆگەریی هاملێت-ی کامەران ڕەئوف
  2020-10-22       722       



کاوە جەلال

 


-1تێمی هاملێت

لە دێنەمارک داستانی شازادەیەک هەیە بە ناوی ئاملێتوس، کە گۆیا پێش سەردەمی ڤایکینگەکان لە یوتلاند ژیاوە. ئەوجا لە سەردەمێکی زۆر درەنگتردا مەتران ئابزالۆنس کە ساڵی 1167 شاری کۆپنهاگن دروست دەکات، هانی قەشە زاکسۆ گراماتیکوس (Saxo Grammaticus، نزیکەی 1150-1220) دەدات بۆ نووسینەوەی مێژووی دێنەکان کە خەڵک بەزۆریی زارەکییانە دەیانگێڕایەوە. یەکێک لە گێڕانەوەکانی نێو ئەو مێژووە زارەکییە چیرۆکێک بوو لەبارەی ئاملێتوس.

کەواتە زاکسۆ بۆ یەکەم جار لە چەرخی ناڤیندا، نزیکەی 1200ی زایینی، چیرۆکی ئاملێتوس دەنووسێتەوە، ئەوجا شەیکسپیر لە سەردەمی ڕێنیسانسدا (پێدەچێت ساڵی 1601) ئەو چیرۆکە دەخاتە فۆرمی "دراما"وە و ڕووداوەکانی نێوی لە کۆشک و سەرای هێلزینگوێری دێنەمارکدا دادەڕێژێت. دراماکە ساڵی (1603) بڵاودەکرێتەوە، لێ بە داڕشتنێکی نالەبار، کە پاشان ساڵی (1605) سەرلەنوێ چاپ دەکرێتەوە و ئەم جارە قەوارەی دراما چاککراوەکە نزیکەی دوو ئەوەندەی داڕشتنەکەی چاپی یەکەمە. لێ گەرەکە لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە هاملێتی شەیکسپیر یەکەم درامای ئینگلیزی نییە لە چیرۆکی ئاملێتوسەوە نووسرابێت. لە نێوان ساڵی 1589 و 1594دا شانۆگەرییەکی هاملێت لە لەندەن نمایش دەکرێت و بەگشتی وا دادەنرێت لە نووسینی تۆماس کاید بووبێت کە ناسراوە بە نووسەری "درامای تۆڵە". لێ ئەم "هاملێت"ەی کاید بزربووە.
چیرۆکی هاملێت لای زاکسۆ چەند بەشێکە و تەنیا بەشی یەکەمی لای شەیکسپیر واتا بۆ داڕشتنی دراماکەی وەردەگرێت. واتا: شازادەی گەنج خۆی بۆ خاتری مەبەستەکانی وەک شێت پێشان دەدات و لە کۆتاییدا تۆڵەی کوشتنی باوکی دەسێنێت. کەواتە هاملێتی شەیکسپیریش سەر بە درامای تۆڵەیە کە تێیدا پرسە مرۆڤییەکانی دەسەڵات، هەلبازی، خیانەت و هتد نەک تەنیا بەرجەستە کراون، بەڵکو هەروەها قەدەری ئەو دەسەڵاتدارییەش: دەوڵەت بەهۆی تەماعی دەسەڵاتەوە، ئەوجا لە ڕەوتی ناکۆکییە نێوکەسییەکاندا، لەناودەچێت و ئەو وڵاتەش دەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتێکی دیکەوە.

تێمی هاملێت لە دراماکەی کامەران ڕەئوفدا تەواو جیاوازە. ئێمە لێرە چیدی "درامای تۆڵە"مان نییە، بەڵکو گەرچی وەک لای شەیکسپیر سەرجەم جیهان لە ڕیشە هەڵکەنراوە و شیرازەکان تێکچوون، لێ سەرجەمی پلانە "دەسیسەییەکان" ڕەوتی خۆیان وەردەگرن، هاملێتیش تەنیا ئەوەی پێدەکرێت کە ڕاستیی شارراوە بە هاوکاریی تیپێکی شانۆیی ئاشکرا بکات، بێگومان بەبێ ئەوەی وەک سەوداسەری ڕاستی بە سەرکەوتن بگات. کەواتە نووسەر / دەرهێنەر نایەوێت کە هاملێت لەتەک جەماوەری خۆشەویستیدا گۆڕانکارییەک لە وڵاتی ستەمکاریدا بەدیبهێنێت، واتا ئەو هیچ ئیلتیزامێکی نەکردووە بۆ ئەوەی رۆڵێکی جڤاکی بە هونەر بدات، بەڵکو وەک هونەرێک هێشتوویەتییەوە کە "لە کەنارەوە ئانیشکی ڕەخنەیی خۆی دەهاوێژێت" (ئادۆرنۆ).



2- بونیادی درامایی هاملێتی شەیکسپیر و کامەران ڕەئوف

لە بنەڕەتدا کەرەسەی هاملێت بۆ شەیکسپیر بریتی بوو لە "ئیدێیەک"، کەواتە وەک وروژێنەر بە مەبەستێکی تایبەتیی ئەو دەگونجا: ئەو دراماکەی (هەروەها دراماکانی دیکەی) پەیوەند کرد بە "دۆخی هەنووکەیی سیاسی"ی وڵاتەکەیەوە: ئێنگلاند. کەواتە ئەو نەیدەویست هونەرییانە "دۆخێکی مێژوویی" بداتەوە.
شانۆنامەکانی شەیکسپیر هاوشێوەی شانۆنامە گریکی و ڕۆمییەکان ئەڕیستۆتێلیانەن، واتا داخراون. ئێمە لەم شێوەیەی میمێزیسدا (موحاکاتدا) هێڵێکی سوورمان لە سەرەتایەکەوە بەرەو کۆتاییەک هەیە، هەروەها ڕێساییانە سێ-یەکانەی جێ و کات کردار دیاریکراوە، واتا کردار لە یەک جێدا بە کاتێکی ڕاستەوانە لە سەرەتایەکەوە بەسەر ئاڵۆزاندن و کردنەوەی کۆتاهێنی ئاڵۆزییەکاندا دەنوێنرێت. لێ شەیکسپیر لە ڕووی داڕشتنەوە چیدی ڕەچاوی سێ-یەکانەی جێ و کات و کردار ناکات، جگە لەوە فیگوری کۆمیکی دەهێنێتە نێو تراژیدییەکانییەوە.
بە پێچەوانەوە تێمای هاملێت لای کامەران ڕەئوف نەک لە چیرۆکی ناوبراوی زاکسۆوە، بەڵکو لە دراماکەی شەیکسپیرەوە دەبێت بە کەرەسەی داڕشتنێکی درامایی. ئەوجا چۆن شەیکسپیر لە لایەنی خۆیەوە تەنیا یەک بەشی چیرۆکەکەی زاکسۆ دەخاتە فۆرمی دراماییەوە، بە هەمان شێوە کامەران ڕەئوف لە لایەنی خۆیەوە هەردوو بەشی یەکەم و پێنجەم ی دراماکەی شەیکسپیر وەلاوە دەنێت و لە بەشماوەی کەرەسەیی بەردەستییەوە درامایەکی نوێ لە هەشت دیمەندا دەسازێنێت - بە ناوەرۆک و فۆرمێکی نوێوە. بە شێوەیەکی کۆنکرێت ببێژین: بەشی یەکەم وەلاوەنراوە کە دەرکەوتنی گیانی شا هاملێتی کوژراوە لە بەردەم پاسەوانانی کۆشکی هێلزینگوێردا، ئەوجا گەیاندنی هەواڵەکە بە هۆراشیۆ و لە ئەویشەوە بە هاملێت، هەروەها بەشی پێنجەم یان کۆتایی کە شەڕی نێوان هاملێت و لێرتسە و لە کۆتاییشدا بە مردنی هەموویان دەوڵەتی شانشینیی دێنەمارک لەناودەچێت، هیچ واتایەکی بۆ داڕشتن وەرنەگرتووە. جگە لەوە گەرەکە لە ڕووی داڕشتنەوە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە لای کامەران رەوئوف ئەدگاری سێ-یەکانەی کلاسیکی ڕەچاو کراوە سەرباری نەهێشتنی داخراوییەکەی درامای کلاسیکی.
لابردنی بەشی یەکەم و پێنجەمی دراماکەی شەیکسپیر کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە درامەکەی کامەران ڕەئوف و مەبەستە هونەرییەکانی، چونکە یەکەمیان "سەرەتا" و ئەویدیکەیان "کۆتایی"یە و درامایەکی داخراو دەخەنەوە. ئەم پرسە پێوەخەریکبوونی تایبەت پێویست دەکات و لە خوارەوە بەوردی ڕووی تێدەکەین. گرنگ جارێ لەم پەیوەندییەی ئێرەدا ئەوەیە کە ڕووبکەینە نواندنگە و بابەتەکانی نواندن، لێرەشدا تەنیا تا ڕادەی پێویست هەوڵی بەراوردکاری لەتەک دراما شەیکسپیرییەکەدا دەدەین.
هاملێت ی شەیکسپیر بە هۆزان، لێ هاملێتی کامەران ڕەئوف بە پەخشان هۆنراوەتەوە؛ یەکەمیان هۆنراوەی پرسەکانی دەسەڵاتە لە شانشینییەکدا کە هاوکات مان یان نەمانی دەسەڵاتدارییەکە پێوەیان پابەندکراوە، لێ ئەویدیکەیان هۆنراوەی دەسەڵاتگەرییەکە لە دەوڵەتێکی (دەزگایەکی) ستەمکاری سەربازیدا کە تێیدا سەرۆکێک دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بە سەرۆکوەزیرانێک و ستافەکەی "سپاردووە".
شانۆ لای کامەران ڕەئوف بریتییە لە "شانۆی ئاڕێنایی" (Arena) بە دوو بەر دانیشتنی لێڕوانەرانەوە، کەواتە پەیوەندییە ترادیسیۆنییەکەی نواندنگە و لێڕوانەران کە جیاکردنەوەیانە بە پەردە، هەڵوەشێنراوەتەوە، واتە ڕووبەڕوو نین، بەڵکو نواندنگە وەک قەفەز (زیندان) لە چوار لاوە بنیاتنراوە و هاوکات زیندانی دیلکردنی لەخۆگرتووە. ئێمە دەتوانین قەفەزە گەورەکە پێکەوە لەتەک دوو بورجی چاودێریدا وەک هێمای دەوڵەتێکی ستەمکار دابنێین، هەروەها دوو بورجەکە کە لێوەیان هەندێک جار ڕووناکی وەک دوو چاوی لێڕوانەر دەپەخشێت، دەتوانین وەک سێکولاریزەکردنی چاوی خودایی پێشبینی بکەین کە گۆیا هەموو شتێک دەبینێت؛ هەردووکیان هێمان بۆ کۆنترۆلکردنی دانیشتوانی دەوڵەت. جگە لەوە دەرەوەی نواندنگە کە وەک باوە فەزای تایبەتی لێڕوانەرانە، هاوکات رۆڵی نواندنگە وەردەگرێت (ئەمە لە بنەڕەتدا یەکێکە لە توخمەکانی شانۆی ئێپیکی (مەلحەمی)ی برێشت کە لێرە وەک پێکهاتەیەکی توخمی ڕەچاوکراوە).
ئاشکرایە کارایی ڕێکڤیزیتەکان ئەوەیە کە شوێنە درامییەکان دەربخەن. ڕێکڤیزیتەکانی شانۆ جگە لە شیشبەندی قەفەزەکە بریتین لە بڵندگۆ، کورسی، تەپڵ، موزیک، گڵۆپ، ئامێری مۆبایل، تفەنگ، خەنجەر و هتد. هەروەها چەک و پاسەوانی شەڕانگێز و دەستڕێژی فیشەک پێشانی دەدەن کە سەرجەم وڵات زیندانە و لە نێویدا هاوکات زیندانی "گێرەشێوێنان" جیاکراوەتەوە. لێرە ڕوناکی بەتایبەتی دەستوێژێکە بۆ جیاکردنەوەی دیمەنەکان لە یەکدی - لەبریی پەردە. لێ نەک تەنیا ڕێکڤیزیتەکان، بەڵکو هەروەها پۆشاک (کۆستیوم) دەری دەخات کە ئێمە پەیوەندین بە دەوڵەتێکی سەربازیی مۆدێرنەوە.
بەتایبەتی کارەکتەرەکان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنن لە جۆری دراماکە نزیکبکەوینەوە. بەگشتی کارەکتەرەکان بریتین لە: موئاناتاوی، شەیدا، سادە، ساویلکە، قەشمەر، خائین، درۆزن، ڕسوا و هتد. بێگومان دەشێت چەند کارەکتەرێک پێکەوە لە یەک کەسدا هەبن، بۆ نموونە پۆلۆنیوس هاوکات قەشمەر و درۆزن و ڕسوایە، یان هۆراشیۆ جەبان و ترسنۆک و خائینە؛ بەڵێ، تەنانەت کۆمیکێتی بە خودی سەرۆک دەدرێت (بە پێڕابواردن وردەنان بۆ دیلەکانی زیندان فڕێ دەدات هەر وەک کۆتر بن). لەم ڕوانگەیەوە "هاملێت"ی کامەران ڕەئوف بریتییە لە تراژیکۆمیدیا، ئەمەش ڕوونکردنەوەی تایبەتی گەرەکە کە لە خوارەوە بەوردی ڕووی تێدەکەین.
مۆرکێکی هاملێتی کامەران ڕەئوف ئەوەیە کە بە شێوەزاری سلێمانی نووسراوە یان نوێنراوە. بێگومان ئەمە پەیوەند بە داڕشتنی ئەدەبییەوە پرسیار لەتەک خۆیدا دەهێنێت، لێ پێدەچێت کێشەی کردارنوێنی لەم لایەنەدا کاریگەریی خۆی نواندبێت، چونکە کوردەکان نەک تەنیا زمانێکی یەکگرتوویان نیە، بەڵکو لە هەندێک ناوچەدا گوێیان بە دەنگی "د" ڕانەهاتووە یان دەیقرتێنن، چونکە لەسەر زار کێش بە گوزارشتی وشە دەدات.


٣- پرسیاری داڕشتنی میمێزیانە
ئێمە پەیوەند بە "تێمای هاملێت"ەوە گەرەکە ڕووبکەینە پرسی فێنۆمێنە هونەرییەکان کە نیگامان دەکەن. لێرەدا دەشێت ئەوان نەک تەنیا وەک وەرگر (ڕێسیپیەنت)، بەڵکو هەروەها وەک هونەرمەند بە خۆیانەوە خەریکمان بکەن، کەواتە دەشێت لەم ڕووەی دووەمەوە پێشبینیی ئێستێتیکی بوروژێنن و ببنەوە بە کەرەسەی داڕشتنی نوێی هونەری.
لێ گەرەکە لەم پەیوەندییەدا بپرسین، کە ئایا هۆی چییە هونەرمەندێک ڕێ دەدات لە سەردەمی هەنوووکەدا نیگای کارێکی نیگاکردووی شەیکسپیر بکاتەوە و وەک کەرەسەی درامایەکی سەردەمی وەریبگرێت؟ ئاشکرایە ئێمە بەم پرسیارە خۆمان هێناوەتە نێو گرژییەکەوە لە نێوان "کار" و "هونەرمەند"دا، کەواتە هاتووینەتە نێو پەیوەندییەکی ئەوتۆوە کە جیاوازە لە پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و وروژێنەکانی نێو خودی کردەکێتی، بۆ نموونە هەر ڕووداوێکی لێرەبوونیانەی نێومرۆڤی (گێڕانەوەیەکی هەڵگرتن-ڕەدووکەوتن).
دەرککردنی ئێستێتیکییانەی فێنۆمێنە وروژێنەرەکان پەیوەند بە دراماوە زۆر ئاڵۆزە، ئاڵۆزتر وەک لە ڕەوشی جۆرەکانی دیکەی میمێزیسدا، چونکە دراما دەستکەوتی سەرجەم جۆرەکانی دیکەی میمێزیسی لەخۆگرتووە، وەک: هۆنینەوەی هۆزانی (و ئەمڕۆ بەتایبەتی پەخشانی)، ئەوجا موزیک و ڕیتم (ئەڕیستۆتێلیس). بە هەر حاڵ، دراما هەردەم کەرەسەیەکی هەیە کە دەشێت هونەرمەند دەرچوو لە موئاناتی خۆیی نێو پەیوەندییە جڤاکییەکانەوە لەنێو هۆشی خۆیدا گۆڕانی پێبدات، یان لەنێو کەلەپوری ئەدەبی و هونەریدا بیبینێتەوە دوای ئەوەی نیگا دەکرێت ("مەم و زین"ی خانی یان "حەسار"ی شێرزاد حەسەن). لێ گرنگ لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە کەرەسە یەکسەر نابێت بە بابەتی داڕشتن، کەواتە پرسی داڕشتنی میمێزییانە ئەوە نییە کە هۆنەر زیرەکانە تەکنیکەکانى دراما بخاتە گەڕ و بەسەر کەرەسەکەیدا بەکاریانبەرێت. ئەمە بۆیە ناشێت، چونکە ڕووداوى تراژیدیا پاشینەییە، بۆیە هۆنەر دەبێت ئێستێتیکییانە دەرکى بکات، لێرەشدا وەک گۆتمان ئەو لە خۆیەوە ناکەوێتە گەڕان بەدووى کەرەسەیەکدا و ئەوجا لەسەر تەکنیکی درامایى بینووسێت (لە بنەڕەتدا ئەم شێوەیەی کارکردن نەک تەنیا تراژیدیایەکی ڕەسەن بەدیناهێنێت، بەڵکو خودی کەس لەو ڕووەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە داخۆ ئەو هونەرمەند بێت). بە هەر حاڵ، کەرەسە جارێ فۆرمی تراژیدیی لە خۆ ناگرێت، یان بە زمانی ئەڕیستۆتێلیس ببێژین، جارێ هەقیقەتی نییە، واتا فۆرمی نییە، بەڵکو ئەم هەقیقەتە هەمیشە دوای فۆرماندنی سەراپایی دێتەگۆڕێ.
کەرەسەی دەرککراو هەمیشە ''شتێک''ی وێنەیی لەنێو هۆشی هۆنەردا پێکدەهێنێت و لە لایەنی خۆیەوە دەبێت بە بزوێنەرى ئەندێشە، واتا هۆنەر ئازادانە ''وێنا''ى ئەو شتانە دەکات کە لەنێو هۆشی خۆیدا وروژاون یان گەڵاڵەبوون. لێ ئەو لە کارەکتەری چالاکى نێو کەرەسەکەی ناڕوانێت (کلاودیوس یان پۆلۆنیوس ی خوێنراوە)، بەڵکو لە ڕووداوێک دەڕوانێت لە شێوەى ''کارەسات''دا کە بەسەر کردارنوێنێکدا دێت، ئەمیش بێگومان – بەگوێرەی کرۆکی تراژیدیا – لەژێر ''زەبر''ى بەخت و بەدبەختیدا. لەم ڕوانگەیەوە ناوەرۆکى تراژیدیا بریتییە لە داڕشتنى کردارنوێنى ی گرێدراو بە بەخت و بەدبەختییەوە. ئاشکرایە لە تراژیدیادا دەسەڵاتی بەدبەختی سەروەرە.
ئێمە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین پەیوەند بە داڕشتنی میمێزییانەی هاملێتەوە ببێژین، کە دراما بزوێنەرەکەی شەیکسپیر وەک سەرجەم لەنێو پێشبینیکردنەوەی هونەریدا "هەڵوەشێنراوەتەوە"، ئەوجا بە هەڵوەشاوەیی لە بەردەم دیدی نوێی هونەریدا ئەو بەشانە یان ئەو کردارانەی نێوی بۆ داڕشتن بزێو بوون کە بەتایبەتی لەتەک ئینتەنسیۆنەکانی (مەبەستەکانی) هونەرمەند خۆیدا دەگونجێن. ئاخر ئەو تێمایە کە بەردەوام دەبێتەوە بە وروژێنەری داڕشتن و داڕشتنەوە، لای هەر هونەرمەندێکی بەدیهێنەری دراماکە بە شێوەی جیاواز دەفۆرمێنرێت و وەک داڕشتنێکی نوێ دێتە نێوانەوە، ئەوەش چە بەگوێرەی مەبەستی خۆیی دەربڕین و چە بەگوێرەی سەردەمی جیاوازی دەستبۆبردنەوە و هەروەها دەڤەری جیاوازی کولتووری. ئەمەش بۆیە ئەوهایە، چونکە داڕشتنەوەی دراماییانەی خۆیی بریتییە لە داڕشتنی کردارە دەرککراوەکانی خۆ نەک کارکردن بە پێشنموونە.
داڕشتنی میمێزیانەی هاملێتی شەیکسپیر داخراوە، لێ لای کامەران ڕەئوف کراوەیە. لای شەیکسپیر دەستپێکی تەنگژەی دێنەمارک کە بە کوشتنی شارراوەی شا هاملێت دەستیپێکردووە، لەتەک دەرکەوتنی گیانی ئەوی کوژراودا بەرجەستەدەکرێت، ئەوجا لە کۆتاییدا، لە دیمەنی پێنجەمدا، دوای شەڕی نێوان لێرتس و هاملێت (ی کوڕ)، پاشان ئاشکرابوونی پیلانەکانی کلاودیوس و مردنی هەموویان، دراماکە بەرەو کۆتایی دەبرێت، واتا وڵاتی دێنەکان لە سەرەنجامی لەناوچوونی ڕەچەڵەکی شایانەیدا دەکەوێتە ژێر ڕکێفی نەرویجەوە.
بە پێچەوانەوە هاملێتی کامەران ڕەئوف دانەخراوە، دەستپێکی نمایشەکە دەستڕێژی فیشەکە، ئەوجا یەکسەر، کەواتە بەبێ "ڕێبەری / مەدخەل" سەرۆک لە بەردەم "دەسەڵاتداران"ی دەزگادا / دەوڵەتدا دەبینین کە ئاهەنگگێڕانە هەواڵی دەسەڵاتدارییە سەربازییەکەی خۆی و هەڵوێستی توندی بەرانبەر هەڕەشەکانی وڵاتی ڕۆژهەڵات دەردەخات. جگە لەوە لە دوا دیمەنی "هەشتەم"دا تەنیا یەکەم هەنگاوی بڕیارەکەی سەرۆک جێبەجێدەکرێت کە دەستپێکی خستنەڕێی هاملێتە بۆ دەرەوەی وڵات و بە کەوتنەڕێی ئەو ئیدی شانۆگەرییەکە تەواو دەبێت.
لە بنەڕتدا تەواوبوونی نمایشەکە / دراماکە لەم جێیەدا یەکسەر لێڕوانەر / خوێنەر بەرەو دەستپێکی نمایشەکە وەردەچەرخێنێت و لێرەشدا بەتەواوی بۆی خویا دەبێت کە دراماکە هیچ "ڕێبەرییەک / سەرەتایەک"ی نییە. ئەم کراوەییە ئەدگارێکی تایبەتیی بە هاملێتی کامەران ڕەئوف داوە، کە سەرجەمێکی کراوەی هەڵواسراوە لە پرسیاردا و بە پرسیارەوە، ئەوجا هەموو ئەو مەراقانە کە کتوپڕ بۆ لێڕوانەر چێدەبن، بەندن بە دەرخستنی پاشخانەکانەوە و ستەمترینیان خیانەتی هۆراشیۆیە لە هاملێتی هەڤاڵی هێژای - کە لە کرۆکدا هیچ هێژای ئەو نییە. نەخێر، هاملێت لەو پرسە ئەخلاقییەی هەڤاڵێتیدا بەسەهوودا چووە. بە هەر حاڵ، ئێمە لێرە وەک لە شانۆی کلاسیکیدا ڕاچڵەکاندنمان نییە، یان ڕۆشنتر ببێژین: دەرخستنی کتوپڕی هۆراشیۆ وەک پیاوکوژی ڕاستەوخۆی سەرۆک کە تەنانەت سڵ لەوە ناکاتەوە هاملێتی بەناو هەڤاڵی هێژا لە تاوانێکی کوشتنەوە بگلێنێت، ڕاچڵەکاندنە، لێ نەک ڕاچڵەکاندنێک کە پەیوەندمان بکات بە پرسە مێتافیزیکییەکانی ڕاستییەوە، بەڵکو ئەوە کە دێتە گۆڕێ هیچی دیکە نییە جگە لە تووڕەبوونی مۆرالی، ئەمەش سەرلەنوێ (لەپاڵ تێکەڵکردنی نواندنگە و نێوەندی لێڕوانەراندا) ئەدگارێکی دیکەی درامای ئێپیکییە (مەلحەمییە) کە کامەران ڕەئوف بە دراماکەی داوە.
بێگومان نەبوونی کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە لە درامای هاملێتدا نیشانەیە بۆ ئەوە کە نووسەر / دەرهێنەر لە ڕووی کارکردنی هونەرییەوە هیچ ئیلتیزامێکی نەکردووە بۆ ئەوەی رۆڵێکی جڤاکی بە هونەرەکەی بدات. یان ڕوونکەرەوانە ببێژین: گومان لەوە ناکرێت کە دەوڵەتێکی سەربازی هەیە و دەسەڵاتدارییەکەی هەنووکەی بەناڕەوا، بە واتای وشە: بەڕێی براکوژییەوە خۆی سەپاندووە، ئەوجا ناچارە بۆ پاراستنی خۆی هەموو ڕێگەیەک تا دەگات بە دەسەڵاتی تێرۆر بگرێتە بەر. گەر ئێمە ئەم ڕەوشە کرۆکییەی نێو دراماکە ڕەچاو بکەین، ئەوە بێگومان پێکەوە لەتەک "جەماوەر"ی ناوهێنراودا وەک خۆشەویستی هاملێت کە سەرۆک لێی دەترسێت و چالاکترینی خەباتگێڕەکانی خستووەتە زیندانەوە، ئەوا دەشێت لۆژیکییانە لە پرسی یەکلاکردنەوەی دراماتیکییانەی کردارنوێنییەکەدا هەروەها پێشبینیی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی نێو دەوڵەت بکەین، کەواتە ڕووبکەینە ئەگەری ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتدارییە لە لایەن جەماوەر بە سەرکردایەتیی هاملێت. لێ ئێمە دەتوانین لە درامایەکی داخراودا پێشبینیی یەکلاکردنەوەیەکی بەو جۆرە یان هەر جۆرێکی دی بکەین، بە پێچەوانەشەوە ئێمە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا کە کراوەییە، لە بەردەم پرسیاری دیکەداین: لێرە هونەرمەند مەبەستی ئەوە بووە کە پرسیار بهێنێتە نێوانەوە و خەریکبوون پێیانەوە بۆ لێڕوانەران / خوێنەران جێبهێڵێت. ئاخر هاملێت بە خواستی تۆڵە نەتەنراوە، ئەو تەنیا ئەوداڵی ڕاستییە، لێ نەک ڕاستییەکی شۆڕشگێڕی بە مەبەستی لەناوبردنی سەرۆک و دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی نوێ، بەڵکو ئەو لە سەرەتا تا کۆتایی لە ناسۆردا دەژی و "دەیەوێت مەسەلەکەی بۆ ڕوون ببێتەوە". ئەوجا لە لایەنی سەرۆکی دەزگاوە پلانێکی دەسیسەییمان بۆ لەناوبردنی هاملێت هەیە، لێ بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا هاملێت لە تاوانێکی کوشتنەوە دەگلێنێت کە ئەو خۆی ئەنجامی نەداوە، بەڵکو فێڵبازانە وەک تاوانبار دەردەخرێت و لە کۆتاییدا گەرەکە لە ڕێی نەفیکردنی بەرەو دەرەوەی وڵات بکوژرێت. سەرۆکی دەسیسەچی و براکوژ کە زۆر لە مەترسییەکانی دەسەڵات بەئاگایە، دەیەوێت بەهۆی کوشتنی هاملێتەوە پەنجەی خەتاباری نە بۆ خۆی و نە بۆ کەسانی متمانەپێکراوی، بەتایبەتی لێرتس، درێژبکرێت. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم چارەنووسی نادیاری هاملێت، چونکە وەک گۆتمان، لەتەک بەڕێکەوتنیدا (نەخێر، لەتەک هەڵگرتنیدا لە لایەن هاوڵاتیانی دیلکراوی نێو قەفەزەوە کە دەشێت هێماییانە وەک شێوەیەکی ماڵئاواییلێکردن و پێشاندانی دڵسۆزی بیبینین) شانۆگەرییەکە تەواو دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە هاملێت نەک تەنیا "مەسەلەکەی بۆ ڕوون نابێتەوە"، بەڵکو مەسەلەکە تەنانەت پتر دەئاڵۆزێت، کە ئاشکرایە ئەوە ئێستا کێشەی لێڕوانەرانە وەک بەشێکی جیانەکراوەی نمایشەکە.
لەم جێیەدا چاک دەکەین گەر بەراوردکارییانە ڕووبکەینەوە هاملێتی شەیکسپیر کە درامای تۆڵەیە، واتا درامای پاڵەوانە. ئاشکرایە مۆرکەکانی پاڵەوانی کلاسیکی بریتین لە موئانات، جددییەت، سەرڕاستی، دلێری. لێ دلێری هەڵوێستێکی ناخەکییە نەک تەنیا لە بەردەم مەرگدا، بەڵکو هەروەها بوێرییە بۆ لێبوردن و داواکردنی لێبوردن. ئەم ئەدگارانەی پاڵەوان لە ڕەوتی کردارنوێنییەدا، لێ بەتایبەتی لە کۆتاییدا بە شەڕێکی ڕاستگۆیانەی دوو پاڵەوان دەردەخرێن، هاوکات تەریب بەو دەرخستنە ئەدگاری پیلانگێڕ و جەبانی شای دەسەڵاتسێن خویا دەکرێن. ئێمە لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ کارکردنی درامییانەی شەیکسپیر بدەینەوە کە لادانە لە جددییەتی پاڵەوان و بەڕوونی لە "هاملێت"دا دەیبینین: بۆ نموونە پشکنینی هەگبەکەی ڕۆزنکرانتس و گیولدنستێرن لە لایەن هاملێت، ئەوجا گۆڕینی نامەی کوشتنی خۆی بە کوشتنی ئەوان هەردووکیان کە گەرەکە دەسەڵاتداری ئێنگلاند بۆ شای ئەنجام بدات، کردارێکی ناپاڵەوانانەیە، چونکە مۆرکی پاڵەوانی کلاسیکی بریتییە لە ڕووبەڕوویی و ڕاستەوخۆیی نەک کرداری سیخوڕی. لێ ئێمە لە "درامای هاملێت"ی کامەران ڕەئوفدا سەراپا ئەدگاری ئەنتی-پاڵەوان دەبینین، ئەمەش ڕووندەبێتەوە گەر بڕوانین، کە هۆنەر / دەرهێنەر نەک تەنیا ئەدگاری پاڵەوانێتی ی تۆڵەسێنی لە هاملێت کردۆتەوە، هەروەها نەک تەنیا کارەکتەرێکی کۆمیکییانەی بە پۆلۆنیوس یان ڕۆزنبێرگ و گیولدنستێرن داوە، کە هەر سێکیان بەگوێرەی پێورە فیزیکییەکانی کۆمیدیا کرداردەنوێنن، بەڵکو تەنانەت خودی سەرۆک کە لە لایەک مەزنی دەپەخشێنێت، لە لایەکی دی کۆمیکییانە (مەهزەلییانە) وردە نان بۆ دیلی دەولەتەکەی فڕێدەدات، هەر وەک چۆن مرۆڤ خۆراک بۆ کۆتر هەڵدەدات. لەم ڕوانگەیەوە درامای "هاملێت"ی کامەران ڕەئوف بریتییە لە تراژیکۆمیدیا.
ئێمە گەرەکە لە هەردوو درامای "هاملێت"دا رۆڵی هۆراشیۆ زۆر بەهەند وەربگرین، چونکە کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهانبینیی هەردوو نووسەر. هۆراشیۆ لای شەیکسپیر تا کۆتایی، کەواتە تا دوای مەرگی هاملێت، هەر هەڤاڵە بەوەفا و خۆشەویستەکەی منداڵی دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئێمە لای کامەران ڕەئوف تا نزیکەی کۆتایی هەمان هەڤاڵێتی دەبینین، لێ کتوپڕ بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەو هەڤاڵێتییە لە لایەنی هۆراشیۆوە هیچی دیکە نەبووە جگە لە پەیوەندییەکی رواڵەتی. هۆراشیۆ کارەکتەرێکی پیسە: جەبانێکە کە مەبەستمەندانە ناخی خۆی شاردۆتەوە و رواڵەتی ئەخلاقی (واتا هەڤاڵێتیی) پەخشاندووە، هەروەها وەک جەبان داردەستی دەسەڵاتە، واتا هینی خودی سەرۆک، بەڵێ تەنانەت ئامادەیە ببێت بە "پیاوکوژی تایبەت"ی ئەو، لێرەشدا نەک تەنیا سڵ لە بەجێگەیاندنی پلانی کوشتنی پۆلۆنیوس ناکاتەوە، بەڵکو تەنانەت "ئامادەیە" هاملێت وەک تاوانبار تێوەبگلێنێت. ئێمە لێرەدا زۆر بەتایبەتی دەستبردنی کامەران ڕەئوف بۆ فێنۆمێنی "جەبانێتی" دەبینین وەک پرسێکی یەکجار هەنووکەیی لەنێو جیهانی هاڤرکێی بێداد و ماچ و پاشقولدا. دراما کراوەکە پابەندمان دەکات بە رووداوی پاشینەیی ئەوتۆوە، کە لە نێوەندە کولتوورییە نوێکەی داڕشتنەوەی تێمای هاملێتدا کێشەی ئەخلاقین و مرۆڤ دووچاری لێهزرین دەکەن.
لەم ڕوانگەیەوە هاملێتی کامەران ڕەئوف وەک سەرەنجام بووە بە "کار"ێکی دی، ئەمەش بەواتای، درامایەکی ئامادەکراو نییە، بەڵکو بەرهەمی ئافراندنێکی میمێزیانەی نوێیە، کەواتە بریتی نییە لە داڕشتنەوەی هاملێتی شەیکسپیر، بەڵکو داڕشتنی دەرککردنی هاملێتی شەیکسپیرە کە تێیدا ڕیالێتیی سەردەم داڕێژەرانە بزوێنراوە. ئەوە کێشە ئەخلاقییەکانی خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، بێوەفایی و بەوەفایی، و گەلێکی دیکەن کە لەنێو دەسەڵاتدارییەکی تۆتالیتێردا بە سازاندنی نوێی زنجیرەی کردارەکان دادەڕێژرێن – لێ بەبێ چارەسەر. ئەوەش پێدەچێت لەم سەردەمە نەخۆش و داڕزاوەدا نەشیاو بێت، بەڵێ دانانی چارەسەر خۆی سەرلەنوێ لەتەک میکانیزمەکانی جیهانی بێدادی رواڵەتیدا دەگونجێنێتەوە و زۆر چاک دەتوانین گریمانە بکەین کە لە سەرەنجامدا "کییچ" دەخاتەوە، واتا ئەو شێوەیەی کارکردنی بەناو هونەری کە پێش هەموو شتێک مەساجی دەروونی عەوام دەکات.

 


سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی
کامەران ڕەئوف:
1-سکریپتی درامای هاملێت.
2-سینۆگرافیی نمایشی هاملێت
سەرچاوەی لاوەکی
1- سەرچاوە بە کوردی
کاوە جەلال:
تێگەی میمێزیس لای ئەڕیستۆتێلیس. گۆڤاری زانکۆی کۆیە. ژمارە 5، 2006.
تیۆریى وێنە لە فەلسەفەى هوسەرلدا، گۆڤارى زانکۆى سلێمانى، ژمارە 39، 2013.
کارۆل زاوەرلاند: رێبەرییەک بۆ ئێستێتیکى ئادۆرنۆ، گۆڤارى کۆنسێپت، ژمارە 5، 2012، (وەرگێڕراوە لە ئەڵمانییەوە).
2- سەرچاوە بە ئەڵمانی
Aristoteles: Poetik. Hauptwerke, Ausgewählt und übersetzt von Wilhelm Nestle, Stuttgart 1968.
Cay Dollerup: Der dänische Hintergrund in Shakespeares "Hamlet". Sinn und Form, Heft 4, 2008.
William Shakespeare: Hamlet, Prinz vom Dänemark.Übersetzt von August Wilhelm von Schlegel. Nachbearbeitet durch O. Lesch. Göttingen 2019
Wolfgang Weiß: Das Drama der Shakespeare Zeit. Versuch einer Beschreibung. Stuttgart Berlin Köln Mainz 1979.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×