بایدن: ترەمپ هێرشێكی مەترسیداری بۆ سەر دامەزراوە دیموكراتییەكان ئەنجامدا
  2021-01-07       670       

جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا تۆمەتباركرد بەوەی "هێرشی مەترسیداری بۆ سەر دامەزراوە دیموكراتییەكان" ئەنجامداوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانكوتایە سەر بینای كۆنگرێس.

ئاوێنە: جۆ بایدن، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وتەیەكدا روداوەكانی دوێنێی هەڵكوتانە سەر بینای كۆنگرێس بە یەكێك لە رەشترین رۆژەكانی مێژوی وڵاتەكەی و هێرشێكی مەترسیدار بۆ سەر دامەزراوە دیموكراتییەكان ناوبرد.

هەروەها بایدن ئەو كەسانەی بە "یاخی و تیرۆریستی ناوخۆیی" ناوبرد كە دوێنێ هەڵیانكوتایە سەر بینای كۆنگرێس و وتی"ئەوان خۆپیشاندەر نەبون."

جەختیشی كردەوە كە ئەوەی دوێنێ رویدا، ئەنجامی راستەوخۆی "هێرشەكانی ترەمپە بۆ سەر دیموكراسی."

هەروەك جەختیشی كردەوە كە سەرۆكی ئەمریكا لەسەرو یاساوە نییەو بەپێویستیشی زانی متمانە بۆ دەسەڵاتی یاسا بگەڕێنرێتەوە.

بایدن ئاماژەی بەوەشدا كە ترەمپ چوار ساڵە زمانێكی خراپی دژی دیموكراسییەت و رۆژنامەوانی بەكارهێناوە كە ئەو زمانە دیكتاتۆرەكان بەكاری دەهێنن.

بەڵام بایدن ئامادە نەبو باس لە پەنابردنە بەر هەمواری 25ی دەستور بكات كە تایبەتە بە لەسەركارلادانی سەرۆكی ئەمریكا.

هەورەها بایدن لە بەشێكی دیكەی قسەكاندا میریك گارلاند-ی وەك كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دادی ئەمریكا ناوهێنا.

شەوی رابردو، وێڕای هەڵكوتانە سەر بینای كۆنگرێس لەكاتی كۆبونەوەی تایبەت بە پەسەندكردنی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكادا، دوای راگرتنی كۆبونەوەكە بۆ ماوەیەك، كۆنگرێس دەستی بە كۆبونەوەكە كردوەو بایدن-ی وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی وڵات پەسەندكرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×