خەونی موزیکژەنێکی عیراقی لەرۆمانێکی عەلی بەدردا
  2021-01-09       313       

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

عەلی بەدر یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی ئەدەبی عیراقی، ئەم نووسەرە خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسینە و ناوەڕۆکی رۆمانەکانیشی گوزارشت لە کۆمەڵگە و کەسایەتی عیراقی دەکات. یەکێک لە رۆمانە جوانەکانی « هەورژەن»ە کە لە لایەن کاک رەگەز رەشیدەوە کراوە بەکوردی و دەزگای سەردەم چاپیکردووە. ئەم رۆمانە هەرچەندە کورتە، بەڵام نووسەر توانیویەتی لە نۆڤلێتێکی 130 لاپەڕەییدا، باسی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بکات، کە رووبەرووی کۆمەڵگەی عیراقی دەبێتەوە، لەپێش هەموویانەوە «بەهێزبوونی رەوتی ئیسلامی توندڕەو، پاشەکشێی مۆدێرنە و عەقڵی کراوە، خۆشەویستی، غەریبی، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، فاشیزمی ئەوروپی» لەهەمووشی گرنگتر « موزیک» کە دەبێتە بەردی بناغەی ئەم کۆشکە نوێیەی عەلی بەدر و پانتایی گەورە لەم نۆڤڵێتە داگیردەکات.

ناوەڕۆک
نەبیل کوڕێکی گەنجی عیراقییە لە بەغداد دەژی، ژەنیاری چەلۆیە، لەقوتابخانەی بالێی مەنسوور، خوێندنی موزیکی تەواوکردووە و پاشانیش دەبێتە ئەندامی تیپی سەمفۆنیای نیشتمانیی و ئامێری چەلۆ دەژنێت.
لەپاش داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمریکاوە و بەهێزبوونی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە بەغدا، موزیکژەنان و هونەردۆستان رووبەرووی رەوشێکی خراپ بوونەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە کە موزیک، کاری شەیتانە و حەرامە. وەکو نووسەر لە زاری نەبیلەوە دەڵێت: ژەنیاری موزیکی کلاسیک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەرگیز پیشەیەکی ئاسان نییە، ئەمە تەنها کارێکی گران نییە و بەس، بەڵکو تراژیدیی و کۆمیدیی و ترسناکیشە، رێک وەک ئەوە وایە ئاژەڵێک بێنی، کە هەموو ژیانی لە بەستەڵەکدا بەسەربردبێ، بیگوازیتەوە بۆ ناوچەیەک کە پلەی گەرمای لە هاویندا دەگاتە چل پلە. ل 24
پاش ئەوەی دراوسێکانی لە بیستنی موزیک بێزار دەبن، شەڕ بە نەبیل دەفرۆشن، بەڵام ئەو هێندە گوێیان پێ نادات و لەموزیکژەنین بەردەوام دەبێت. تا رۆژێکیان کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەلایەن گرووپێکی ئیسلامی توندڕەوەوە، لێی دەدەن و سووکایەتی پێدەکرێت و لە هەمووشی ناخۆشتر، چەلۆکەی دەشکنێنن. هەموو ئەم کارە قێزەونانەش بەناوی پارێزگاریکردن لە ئایین ناودەبرێت. پاشانیش هەر ئەو گرووپە دەیانەوێت بە زۆر پارەی لێبستێنن بۆ دروستکردنی مزگەوتێک لە گەڕەکەکەیان. لێرەوە نەبیل بە تەواوەتی بێزار دەبێت و بڕیار دەدات، وڵات بەجێ بهێڵێت و بەرەو هەندەران کۆچ بکات.
نووسەر پانتایی باش بۆ کۆچ و هەندەران تەرخان دەکات و مەسەلەی غەریبیش دەکاتە تەوەرێکی تری رۆمانە جوانەکەی، کاتێک نەبیل لە بەلجیکا دەگیرسێتەوە، لەوێ قاچاخچییەکە لە گەڕەکێکی مسوڵماننشینی بروکسێل فڕێی دەدات و پاشانیش هەر لەوێندەر دەژی. گەڕەکەکە پڕیەتی لە تورک و مەغریبی. لێرەش دووبارە نەبیل رووبەروی ئیسلامی توندڕەو عەقڵی دواکەوتووی رۆژهەڵاتی دەبێتەوە. کاتێک لەم گەڕەکەدا دەژی، دراوسێکەی کە ئاسنگەرێکی تورکی شەڕەنگێز دەبێت، دژایەتی دەکات. ئەم جارە هۆکارەکەی ئەوەیە، کاتێک نەبیل لەگەڵ « ڤانی « خۆشەوستیدا سێکس دەکەن، ڤانی دەنگ بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی بێزاری دراوسێ تورکە ئاسنگەرەکەی، رۆژێکیان کاتێک دەگەڕێتەوە، کۆمەڵێک تورک وەکو گورگ پەلاماری دەدەن و سووکایەتی پێدەکەن و دووبارە چەلۆکەی دەشکنێنن، ئەمەش دەبێتە مایەی ناڕەحەتی بۆ نەبیل و بە ناچاری ئەو گەڕەکە بەجێدەهێڵێت دەچێت لەگەڵ خۆشەوسیتەکەی دەژی.
ماوەیەک لای ئەم کچە بەلجیکییە دەژی، بەڵام لێرەش رووبەرووی کێشە دەبێتەوە بەتایبەتی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا، لەوکاتەدا هەستی رۆژهەڵاتیی و رۆژئاوایی دروست دەبێت. ئەمەش بابەتێکی ترە کە نووسەر هەوڵیداوە لەم رۆمانەیدا جێگای بۆ بکاتەوە. هەتا کۆتایی رۆمانەکەش نەبیل لەناو گێژاوێکی گەورەی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا مەلە دەکات، لە رۆژهەڵات و رۆژئاواشدا ئیسلامی توندڕەو تەنگی پێهەڵدەچنێت، لە هەمان کاتیشدا بیری توندڕەویی و راسیزمی ئەوروپیش بێزاری دەکات. لەکۆتاییشدا لەم زەلکاوەی توندڕەوییەدا نوقم دەبێت، کاتک رۆژێکیان بەخۆی نازانێت چووتە ناو خۆپیشاندانی گرووپە سەلەفییە توندڕەوەکان و دواتریش لەو خۆپیشاندانەدا بریندار دەبێت، لەکاتێکیشدا ئەو لە رۆژهەڵات لە دەست ئەوان رایکردووە، ئەمەش کۆتایی رۆمانەکەیە.

موزیک
لەم کارەیدا عەلی بەدر پانتایی باشی بۆ موزیک داناوە، کاریگەری بەسەر تاک و کۆمەڵگەدا دەرخستووە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵیداوە، تیشک بخاتەسەر توێژێکی گرنگ و داهێنەری ناو کۆمەڵگە، کە ئەوانیش موزیکژەنەکانن. بەتایبەتی موزیکژەکانی عیراق کە چۆن رووبەرووی ئاستەنگ و کێشەی گەورە دەبنەوە لەناو کۆمەڵگەدا. لەناو رۆمانەکەدا، بە کۆمەڵێک وشە و رستەی جوان گوزارشت لە مەزنی موزیک دەکات.

(موزیک ئامڕازێکی جادووییە و نزیکە لە نواندنی موگناتیسی، ئاخ ئەگەر خەڵکی لەبری دەم، بە موزیک، واتا بە زمانێکی بێ دەم قسەیان بکردایە. ل 30)

ژیان لای نەبیل دەبێتە موزیک، لە رێگەی موزیکەوە بۆ جیهان و دەورووبەر و کۆمەڵگە دەڕوانێت.
-کۆمەڵگە وەکو ئۆرکێسترای لی دێت، ژێدارەکان رۆژئاوایییە قژکاڵەکانن، بڕبڕەی پشتی ئۆرکێستران. وەکو کەمان، ڤیۆلا، کۆنتراباس و چەلۆ، ئینجا لاتینییەکان کە ئامێرە فوودارەکانن، وەک ئۆبوا، فلووت، کلارنێت و باسۆن، دواتر رۆژهەڵاتییەکان، عەرەب، فارس، کورد، ئەمانە بە ئامێرە مسییەکان دەچن وەک، ترۆمپیت تیوبا، هۆڕن، دواتر ئەفریقییەکان دێن بەشێوەی دەهۆڵ و درازن، هەرچی ئاساییاییەکانە، ئەوا بەشێک لەجۆرەکانی سیمبالات دەگرنە ئەستۆ. ل 88

بیری توندڕەویی ئیسلامی
دژایەتیکردنی فکری توندڕەویی ئیسلامی، خاڵێکی سەرەکی ئەم نۆڤڵێتەیە، نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی کۆمەڵێک ڤیگۆر و رووداوەوە، رەخنەی توند لە ئەم رەوتە سیاسییە بگرێت، کە هەژموونی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتییەوە هەیە. لە زۆر شوێنی رۆمانەکەیدا رەخنەی توندیان تیدەگرێت بەوەی کە توندڕەون، شەڕەنگێزن، مێشك پووتن، دژی موزیکن. لەهەمووشی سەیرتر لە لاپەڕە 17 شدا دەڵێت: ئیسلامییەکان لە هەموو کەس زیاتر سەیری کەناڵەکانی پۆرنۆ دەکەن، لەم دواییەشدا فەتوایەکیان دەرکردووە کە سەیرکردنی ئافرەتی نامسوڵمان حەڵاڵە.
لە هەمانکاتیشدا نەک تەنها لە رۆژهەڵات، بگرە لە رۆژئاواشدا نووسەر دژایەتیی ئەم فکرەیە دەکات، لە راستیشدا کەم نووسەر هەوڵیداوە تیشک بخاتە سەر ئەم لایەنە، چونکە بەشێک لە رەوەندی موسڵمانان لە رۆژئاوادا، لەژێر هەژموونی فکری ئیسلامی توندڕەودان، نووسەریش لەرێگەی باس کردنی کۆمەڵێک رووداو ڤیگۆرەوە، هەوڵیداوە تیشک بخاتە سەر ئەم مەسەلەیە.

شاری خەونەکانی فارابی و ئەفلاتوون
لە سەرەتای نۆڤڵێتەکەوە هەتا کۆتایی، تارمایی شارە خەیاڵاوییەکەی ئەفلاتوون و فارابی بەسەر نووسەردا دیارە، بەتایبەتی بۆچوونەکانی فارابی. لە زاری نەبیلەوە دەڵێت:
(فارابی پێی وابوو موزیک رەگەزێکی گرنگە لەشاری خەونەکاندا، چونکە سەرچاوەی بیرۆکەی دادپەروەری، بیرۆکەی هارمۆنییە لە موزیکدا. ل 72 . فارابی موزیکی وەکو بەشێک لەچارەسەر دادەنا بۆ نەخۆشییە دەرروونییەکان
هەتا کۆتایی نۆڤڵێتەکەی نەبیل خەون بەو شارەوە دەبینێت، کەتێیدا موزیک و موزیکژەنان هەژموونی گەورەیان هەبێت، لەمەدا تەنها خەونی موزیکژەنێک نییە، بگرە نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی ئەم موزیکژەنەوە خەون بە کۆمەڵگەیەکی مرۆیانە ببینێت، کە دووربێت لە جەنگ و بیری توندڕەویی و فاشیزم، جوانترین داهێنانی مرۆڤیش موزیکە. کۆمەڵگەیەکیش موزیک تێیدا زاڵبێت، کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانەیە، بەپێچەوانەشەوە کۆمەڵگەیەک دژی موزیک بێت، دژی مرۆڤیشە، ئەمەش پەیامی سەرەکی و گرنگی نووسەرە لەم نۆڤڵێتەیدا.

خۆشەویستی و سێکس
وەکو هەموو کارەکانی تری خۆشەویستی و سێکس پانتایی باش لەم نۆڤڵێتەشدا داگیر دەکەن، خاڵێکی سەرنجڕاکێشیش کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەری مەسەلەی سەیرکردنی کەناڵەکانی پۆرنۆیە» رووت» لە عیراق، بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەعس، بڵاوبوونەوەی سەتەلایەت و ئینتەرنێت، وایکرد کە بینەری کەناڵەکانی پۆرنۆ لە عیراق زیاد بکەن، بەپێی هەندێک راپۆرتی جیهانیش بێت، عیراق لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهان دادەنرێت لەم بوارەدا. ئەمەش گوزارشت لە زاڵبوونی چەپاندن و مەحرومکردنی خەڵکییە لە بواری سێکسدا. لە هەمان کاتیشدا گوزارشت لەبێزاریی و نائومیدی تاکی عیراقیش دەکات، لە هەمانکاتیشدا فراوانبوونی سنووری «حەرام و قەدەغەکردن»یش رۆڵی لەمەدا هەیە. وەکو لەزاری نەبیلەوە دەڵێت: کەناڵەکانی پۆرنۆ تاکە شتێکن لەم وڵاتەدا بە ئاسانی دەستدەکەون. ل 17
چیرۆکی خۆشەویستی نەبیل بۆ ڤانی، کچە شۆخی بەلجیکیش، جوانییەکی گەورەی بەم نۆڤڵێتە بەخشیوەوە و نووسەر زۆر سەرکەوتوانە توانیویەتی ئەم پرسە تەوزیف بکات.
(ڤانی بووبووە گڵۆپێکی کارەبایی بۆ کەسێکی بیابانشین کە لە بیابانێکی تاریکدا دەژیا. ل108)
لەزۆر شوێندا رستە و دەستەواژەی ئێجگار جوانی تێدایە کە گوزارشت لە چیرۆکێکی جوانی خۆشەویستی دەکات.

رەخنە لە فاشیزم و عەقڵیەتی رۆژئاوایی
نووسەر لەم نۆڤلێتەدا تەنها دژی توندڕەویی ئیسلامی ناوەستێتەوە بگرە دژی فکری ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی ئەوروپاش دەوەستێتەوە، لە هەمانکاتیشدا رەخنەی توندیش ئاڕاستەی کۆمەڵگە و عەقڵیەتی رۆژئاوایی دەگرێت.
(نەبیل هەستی کرد لەو وڵاتەدا بۆی هەیە تەنها لەسەر دووشت قسە بکات:
یەکەم: کارەسات و تراژیدیای وڵاتی خۆی. دووەم: ئەو خۆشگوزارەانییەی لێرە دەستیکەوتووە. ل 122)
پاشانیش دەڵێت:
(شۆڤێرێکی تەکسی بەلجیکی جنێو بە بەلجیکا دەدات، جنێو بەمێژوو، سیاسییەکان، خاکەکەی، تەنانەت خواردەمەنی و بیرەو شۆکۆلاتەکەی، بەڵام لە پەنابەری چاوەڕوان ناکات، بەڵکە چاوەڕێییە بڵێت: بەلجیکا مەزنترین وڵاتە لەسەر زەوی، ئای بەلجیکا، چیم بەسەر دەهات ئەگەر باوەشت بۆم نەکردایەتەوە، ل 124
ئەمەش تاڕادەیەک بەسەر بیری کۆمەڵگەی رۆژئاواییدا زاڵە، من خۆم لە ئەڵمانیا بووم، کاتێک لەناو چەپەکانیشدا رەخنەمان لە حکومەت دەگرت، هەستم دەکرد هەندێکیان پێیان ناخۆشە رەخنە لە حکومەتەکەیان بگریت، جارێکیان رەخنەم لە سیاسەتی گێرهارد شرۆدەر راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا گرت، یەکێکیان وتی: خەلکی کوێیت، وتم کوردستان. وتی ئەی بۆ هاتوویت بۆ ئێرە؟ ئەوێ باشترە یان ئێرە.
هەستم بەبێزاری دەکرد لە سیمایدا و دەویست بڵێت، تۆ کەسێکی بێگانەیت بەم وڵاتە، بەڵام نەیدەویست راستەوخۆ وا بڵێ، بەمشێوەیە تێیگەیاندم کە من بێگانەم و مافی قسەکردنم لەبارەی بارودۆخۆی ئەم وڵاتەوە نییە.
لەهەمووی گرنگتر نووسەر رەخنە لەمێژووویی خوێناوی بەلجیکا دەگرێت بەتایبەتی قۆناغی داگیرکاری لەکۆنگۆ، کە یەکێکە لەقۆناغە ناشیرین و قێزەوەنەکانی بەلجیکا.
جگە لەمانە، نووسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی لەم نۆڤڵێتەدا وروژاندووە، کە مایەی سەرنجی خوێنەرن.

دوا قسە
بەڕاستی کاروبەرهەمەکانی ئەم نووسەرە عیراقییە مایەی گرنگیپێدانە، ئەم نۆڤڵێتەشی وەکو کارەکانی تری مایەی گرنگی پێدان و خوێندنەوەن، لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک رەگەز رەشید بکەم، بۆ وەرگێرانی ئەم نۆڤڵێتە و هیوای کاری جوانتر و باشتری بۆ دەخوازم.

سەرچاوە: عەلی بەدر. هەورژەن. وەرگێرانی: رەگەز رەشید. چاپی یەکەم. دەزگا و چاپی پەخشی سەردەم. 2018. سلێمانی.

عەلی بەدر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×