دایكێكی عێراقی: ژیان لەبەریتانیا، هەمان ژیانی عێراقەو وەك دۆزەخ وایە!
  2021-01-14       3101       


ئا: كاوە ڕەش



 خێزانێكی پەنابەری عێڕاقی، كە لەچنگی شەڕو كوشتاری جەنگ، وڵاتەكەیان جێهێشتوەو ئێستا لەشاری (هۆڵ)ی ووڵاتیبەریتانیا  دەژین، سكاڵا لەڕەوشی ژیانیان دەكەن، كە هاوشێوەی دۆزەخەو هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ژیانی خەڵكی عێڕاق و سوریا.


پاش بەرپابونی جەنگی ناوخۆ، لەعێڕاق و سوریا، لەساڵی ٢٠١٢ (ئینتسار حەسەن)ی تەمەن ٥٥ ساڵ‌و چوار لەمنداڵەكانی، لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە، بەفەرمیی‌و بەشێوەیەكی یاسایی، هێندراون بۆ شاری (هۆڵ) لەبەریتانیا. بەڵام لەو كاتەوەی گەیشتونەتە بەریتانیاو لەخانویەكدا جێگیركراون، دایكی چوار منداڵەكە دەڵێ: ڕەوشی تەندروستی تێكچوە، بەهۆی ئەو خانوەی تێدا نیشتەجێن، چونكەهەموو تەڕەشوع وشێ‌و كەڕوو لێیداوە، بەو هۆیەوە ناتوانێت بەباشی هەناسە بدات و شەوان تەنگەنەفەس دەبێت. لەگەڵ ئەوەش ئەو خێزانە دەڵێن، ئەگەر بیانەوێ پەنجەرەكان بكەنەوەو بۆ ئەوەی هەوای پاك بێت، خانوەكە زۆرساردەو  سیستەمی گەرم كەرەوەی لەكاركەوتوە.

 

ئەو ژنە نەساغە كە لەناو جێگاوە بۆ ڕۆژنامەی زە سەن دواوە دەڵێ "زۆرێك لەخزمەكانی لەشەڕی عێڕاقدا كوژراون، بۆیە ئێمە گوستمانەوە بۆ سوریاو لەوێش لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە، خواردنو پەناگەمان بۆدابینكرا".

 

دەشڵێت "دوای بەرپابونی جەنگیش لەسوریا، بۆ دەرباز بون لەمەرگ، جارێكی دیكە هەڵاتین و ئەوجارە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە هێندراینە ئەم  شارەی بەریتانیا، بەڵام لەڕاسیتدا لەجیاتی ئارامیی و سەلامەتی، ژیان لەشاری (هۆڵ)و لەو خانوەدا، وەك دۆزەخ وایەو هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەڵ ژیانی سوریاو عێڕاق".

 

ئینتسار حەسەنی ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوشی تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێ، بەهۆی نەشیاوی ئەو خانوەی تێیدان. دەڵێ "ناتوانم بەتەواوی ڕێ بكەم‌و نان بخۆم و قسە بكەم، من ئێستا ژنێكی نەخۆش‌و خاوەن پێداویستی تایبەتم. من بەدرێژای شەو بیردەكەمەوە خەمدەخۆم لەو ڕەوشەی تێداین، بەهۆی ئەو خانوە تەڕەشع وشێدارو پڕ لەكەڕووە".

 

ئەو خێزانە باس لەوە دەکەن ٨ ساڵ لەمەبەر لەكاتی گەیشتنیان لەلایەن ئەنجومەنی پەنابەرانەوە، ئەوخانوەیان بۆ بەكرێگیراوە لەخاوەن خانویەكی تایبەت، هەر ئەو كات گوتیانە زۆر ساردەو تێدا تەزیون‌و دەلەرزن لەسەرمان،چونكە گەرمكەرەوەكانی ئیش ناكەن، لەماوەی ئەم ٨ ساڵەدا،هیچ كارێكی نۆژەنكردنەوە، لەوخانوەدا ئەنجام نەدراوە.


ئەو ژنە عێڕاقیە دەڵێ "تەنانەت جارێك لەقادرمەكان كەوتمە خوارەوە، بەو هۆیەوە نەشتەرگەری میزەڵدانیان بۆ كردم".

 

دەشڵێت "راپۆرتی دكتۆرەكەم هەیە، كە دەڵێ دەبێ بگوازرێمەوە بۆ خانویەكی گونجاوتر، كە بۆ كەمئەندامان بشێت، چونكە من خاوەن پێداویستی تایبەتم. بەڵام لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردودا، ناوم لەلیستی چاوەڕوانی ئەنجومەنی شارەوانیدایە بۆ وەرگرتنی خانویەكی دیكە".


لەلایەكی دیكەوە، خاوەنی ئەو موڵكەی ئەو خێزانە لێی نیشتەجێن ئەوە روندەکاتەوە كاتێك ئەو خانوەی داوە بەكرێ بەو خێزانە، خانوەكە تازەو نۆژەنكراوە بوە، چەند جارێكیش هەوڵی داوەو كرێكارو وەستای ناردوە بۆ باش كردنی خانوەكە، بەڵام ئەو ماڵە عێڕاقیە، ڕێگایان نەداوە دەستكاری بكەن و كەس بچێتە ناوەوە كاری تێدا بكات.


وتەبێژی ئەنجومەنی شارەوانی هۆڵ، باس لەوەدەكات، كە ئەوانیش تیمێكی تەندروستیی و ژینگەییان ناردوە، بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئەو خانوە، بەڵام ئەوانیش ڕێگریان لێكراوە، بچنە ژوورە لەلایەن ئەو خێزانەوە.

 

ئەو ژنە بەڕۆژنامەی زە سەنی گوتوە، لەسەر كورسی كەم ئەندامیەو ناتوانێت بەپلێكانەی ناوەوە بچێتە سەرەوە، بۆیە زۆرجار لەجیاتی بەكارهێنانی قاپشۆری چێشتخانەكەی، حەوزی گەرماوەكەی بەكاردەهێنێت لەخوارەوە بۆ قاپ شۆردن.


خێزانەكە دەڵێن "بەهۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ كرێ خانوەكە لەلایەن شارەوانییەوە بەخاوەن خانوەكە دەدرێ، ئێستا كرێكە بەشێكی لێبڕاوە لەلایەن شارەوانییەوە، دەبێ خۆمان ئەوەی دەمێنێتەوە بیدەین، ئێمەش نیمانە، بۆیە لێرەش دەردەكرێین‌و نازانین ڕوولەكوێ بكەین.  ئێستا ئێمە قەرزداری خاوەن موڵكەكەین".


خاوەن خانوەكە دەڵێ "ئێمە چاوەڕێن كە قەرزی كرێ خانوەكە وەربگرین و ڕێمان بدەن بەنۆژەنكردنەوەی تەواوەتی خانوەكە، ئەگەرنا دوا وادە كۆتایی ئەم مانگەیە، دەبێ چۆڵی بكەن".


 وتەبێژی شارەوانی دەڵێ "هەرچەندە  ئەو خێزانە ڕێیان بەتیمی تەندروستیی و ژینگەی ئێمە نەداوە، بەڵام لەهەوڵداین پەیوەندیان لەگەڵ بگرین و بتوانین شوێنێكی گونجاویان بەپێی پێویست، بۆ دابین بكەین".


لەبەرامبەر سكاڵای ئەوخێزانە عێڕاقیە لەسەر ڕەوشیان لەبەریتانیا، بەشێكی زۆری خوێنەرانی بابەتەكە، سەرزەنشتی ئەو خێزانە دەكەن بەوەی نەیانتوانیوە خانوەكە بەپاك و خاوێنیی وڕێك و پێكی ڕابگرن. هەرەوەها دەڵێن "بۆ پێتان وایە بێنە  وڵاتی ئێمە لەناو كۆشك و تەلار داتان دابنێین و های لایف بژین، كاتێك ناتوانن لەوڵاتانی خۆتان بەئارامیی و بێكیشە بژین".

 

بەشێكی دیكەش دەڵێن ئێمە بەدرێژایی تەمەن ئیش دەكەین و باج دەدەین كەچی خۆشمان كرێ خانوو پارەی هەموو خزمەتگوزاریەكان دەدەین، كەچی تۆ كرێ و پارەی خزمەگوزاریشت بۆ دەدرێ بەمنداڵەكانتەوە، هێشتا لێمان ناڕازین!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×