"ئەم جلە شوانییە چییە لەبەرت کردوە؟!
  2021-01-18       3350       
پەرلەمانتارێکی کورد لەپەرلەمانی ئێران بەجلی کوردییەوە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەجلی کوردی - دوشەممە ١٨ی کانونی دوەم

ئا: ئاوێنە

بێژەری کەناڵی دوی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لەبەرنامەیەکی راستەوخۆدا، بەمیوانێکی بەرنامەکەی کە جلی کوردی لەبەردایە، دەڵێت "ئەم جلە شوانییە چییە لەبەرت کردوە؟!" دکتۆر فریبەرزی عەزیزی کە میوانی بەرنامەکەیە دەڵێت "ئەمە جل‌و بەرگی کاوەی ئاسنگەرو سمبولی ئازادییە لەچنگی زوڵم‌و زۆرداریی". ئەم گفتوگۆ ١٠ چرکەیی‌و سوکایەتیکردنە بەجلی کوردییە چەندین کاردانەوەی جیاوازی لەئاستی ناوەندە سیاسیەکان‌و میدیاو  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتوەتەوە.

پانزە پەرلەمانتارانی کورد لەپەرلەمانی ئێران رۆژی دوشەممە ١٨ی کانونی دوەم، لەبارەی سوکایەتیکردن بەزمان و كولتور و جلوبەرگی کوردی کە لە میدیای فەرمیی ئێران چەندین جار ڕوی داوە، ناڕەزاییان دەربڕی‌و نامەیەکیان ئاڕاستەی ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كردو تێیدا داوای راگرتنی ئەو سوكایەتیانە دەكەن.

لە نامەکەیاندا پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ئێران داوایان لە خامەنەیی كردوە بێتە سەر خەت و "فەرمانێکی حەکیمانە" لەو بارەیەوە دەربکات بۆ ئەوەی کەس مافی ئەوە بە خۆی نەدات لە تەلەڤزیۆن و میدیای رەسمییەوە بەو شێوەیە سوکایەتی بە گەلان و كولتور و زمان و جلوبەرگیان بکات.

پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە پرسی سوکایەتیکردن بە کورد و كولتور و زمان و جلوبەرگی کوردی چەندین جار لە میدیا ئێرانییەکان ڕوی داوەو پێویستە ڕێبەری باڵای ئێران لەو بارەیەوە هەڵوێست وەربگرێت.

ئەوەش جاری یەكەم نییە لە میدیا رەسمییەكانی ئێرانەوە سوكایەتی بە جلوبەرگ و كولتوری كوردی دەكرێت.

كەمال حسێن پور، پەرلەمانتاری سەردەشت‌و پیرانشار لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا بە بەڕێوەبەری سەداو سیمای کۆماری ئیسلامی وت "كوردەكان لە رەسەنترین و دێرینترین گەلانی ئێرانن و بەداخەوە لە میدیای رەسمیدا دەبینین سوكایەتی بە گەلانی رەسەنی ئێران دەكرێت کە بەپارەی گشتی بودجەکەی دابین دەکرێت."

وتیشی "چۆن رێگە دەدەن سوکایەتی به‌کلتوری رەسەنی ئێرانی بکرێت؟ جلی کوردی جلی غیرەت‌و جوامێری‌و پیاوەتییەو ئێمەی نوێنەرانی کورد رێگە بەهیچ کەسێک نادەین سوکایەتی پێبکات".

هاوکات مەهدی فرشادان، پەرلەمانتاری شاری سنە لەپەرلەمانی ئێران وتی "ئەم بێژەرە یان نەخوێندەوارو ناهوسیارە یاخود گوزارشت لەسیاسەتی هەڵەی سەداو سیما دەکات، لەڕێگەی سوکایەتی کردن بەکلتورو شوناسی نەتەوەیی کوردەوە".

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×