سلێمان هەڵشۆیی 44 كەس لەگەڵ خۆی دەباتە زیندان
  2021-01-28       1627       


پۆلیسی راپەڕین زانیاری نوێ لەسەر دۆسیەكەی سلێمانی هەڵشۆیی ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت: كۆی دەستگیركراوەكان بەسلێمان هەڵشۆییەوە گەیشتوەتە 44 كەس و زیاتر لە هەزار كەسیش ناوی خۆیان بۆ تۆماركردنی سكاڵا نوسیوەو بەراوردی پسوڵەی كڕیارو فرۆشیارەكان و بڕی ئەو پارەیە دەكەن كە لەمامەڵەكاندا كراوە.

ئاوێنە: رائید شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین زانیاری نوێ لەبارەی دۆسیەكەی سلێمان هەڵشۆیی ئاشكرا دەكات، بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند:لەدوای دەستگیركردنیەوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ سلێمانی هەڵشۆیی بەردەوامەو تائێستاش ژمارەی ئەو كەسانەی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی بوون و پێكەوە مامەڵەیان كردوە بە هەڵشۆییەوە گەیشتوەتە 44 كەس.

وتیشی: زیاد بوونی ژمارەی دەستگیركراوەكان لەئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە بووە كە لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی كراوەو تائێستاش زیاتر لە هەزار كەس لەسەر دۆسیەكەی سلێمانی هەڵشۆیی ناوی خۆیان بۆ سكاڵا تۆماركردن نوسیوە، بەڵام تائێستا زیاتر لە 80 سكاڵاكار لەلایەن پۆلیسەوە وتەی لێوەرگیراوە.


وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند: وەك لایەنی پەیوەندیدار وتەی دەستگیركراوەكان و ئەوانەشی سكاڵایان لەسەر دەستگیركراوەكان تۆماركردوە وەردەگرین.

ئەوەشی خستەڕوو كە بەراوردی ئەو پسوڵانەش دەكەین كە لەنێوان كڕیاران و فرۆشیاراندا كراوەو هەر كاتێكیش گەیشتینە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەو بڕی پارەكەو شێوازی مامەڵەكان ئاشكرا دەكەین و خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە كە نایەڵێن مافی هیچ كەسێك بفەوتێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×