قاسم شەشۆ: لە شەنگال، شەڕی ئێران و توركیا دروست دەبێت
  2021-02-23       604       
فەرماندەی هێزی ئێزیدخان لەشەنگال ڕایدەگەیەنێت، چەند ڕۆژێكە حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری هێناوەتە ناو شەنگال و دەڵێن بۆشەڕی توركیایە، وەك دەزانرێت هێزی حەشدی شەعبی هێزی ئێرانە، بۆیە ئەگەر توركیا هێرش بكاتەسەر شەنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و توركیا ئێمەش دەبینە قوربانی.

ئاوێنە: قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی شەنگال بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لە حاڵەتی هێرشی توركیا بۆسەر شەنگال، تەنها بەرگری لەخۆمان دەكەین، ئەگەرنا ئێمە نەشەڕی توركیا دەكەین نەشەڕی عێراق، تەنها بەرگری لەخۆمان و ناوچەی خۆمان دەكەین.

وتیشی”بەهۆكاری پارتێكی سیاسی و حەشدی شەعبی ئەگەری دروستبوونی شەڕ هەیە لەشەنگالدا”.

ئاشكراشیكرد، خەڵكی شەنگال لەئێستادا ئاسودە نین و دەترسن جارێكی تر بكوژرێنەوە و ئاوارە بكرێنەوە، هەرچەندە خۆیان ئەوانەی گەڕاونەتەوە دووبارە واخەریكە شەنگال جارێكی تر چۆڵ دەكەنەوە و ڕادەكەن، چونكە خەڵك مەترسی زۆرە.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا قاسم شەشۆ ڕایگەیاند، پەكەكە لە شەنگال ماون و ژمارەیان زۆرتر بووە، ئەو ڕێكەوتنەش هەرگیز جێبەجێ نەبووە، پەكەكە و حەشدی شەعبی دەڵێن ئێمە لە شەنگال دەرناچین هەم شەڕی پێشمەرگە دەكەین و هەم شەڕی حكومەتی توركیاش دەكەین ئەگەرهاتن.

جەختی لەوەش كردەوە، هیواداربووین ئەو ڕێككەوتنەی شەنگال لەنێوان حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم جێبەجێبكرێت، بەڵام حەشدی شەعبی و حزبە شیعییەكان ناهێڵن.

باسی لەوەش كرد، ڕوودانی هەر شەڕێك خراپە بۆ شەنگال، ئەگەر شەڕ ڕووبدات مەبەستی ئەوان بۆ ئەوەیە شەنگال وێران بێت و چۆڵ بكرێت و خەڵكەی ئاوارە بێت ئەوە ئامانجی ئەوانە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×