هاوڵاتییەکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەپێنرا
  2021-03-30       375       
هاوڵاتییەکی کوردی کامێرانی کە دو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابو، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانی سزای بەندکردنی بۆ ماوەی 15 ساڵ بە سەردا سەپێندرا.

ئاوێنه‌: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، حوسێن کەمانگەر، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کامێران، کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەدایە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێندرا.

حوسێن کەمانگەر بە تۆمەتی "راپەڕینی چەکدارانە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە رێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ( پژاک) ئەو سزایە بەسەردا سەپێنراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو  باسی لەوەشکردوە، "دادگاییکردنی ئەو حوسێن کەمانگەر ساڵی رابردو بەڕێوەچو، بەڵام رۆژی 27ی ئەم مانگە ئەو سزایە بەفەرمی بە بنەماڵەکەی راگەیەندراوە".

حوسێن کەمانگەر رۆژی شەممە 5ی (کانونی دوەم/1)ی 2019 هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی ئەندامانی لقی کوردستانی بەرەی یەکگرتوی نەتەوەیی لە شارەکانی کامێران، سنە و مەریوان دەستبەسەر کرابو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×