عەلی باباجان رەخنەی توند لە حکومەتی تورکیا دەگرێت
  2021-03-30       963       
لە کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن، وتارێکی پێشکێشکرد و رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت لەبارەی سیاسەتی دژ بە کورد و هەدەپە و رایگەیاند، دەسەڵات ئەو دەستکەوتانەی لە هەڵبژاردن بەدەستی نەهێنا، "لە رێگەی یاسای قەیوم خۆی سەپاند و وەریدەگرێت". 

ئاوێنه‌: عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن لەبارەی رایگەیاند، "ئەردۆغان زۆر بە ئارامی دەستوور و تەواوی یاساکان پێشێلدەکات. بەرێنوێنی و فەرمانی تاکەکەسیی هەموو کارێک دەکات بەبێ گوێدانە بەر بنەما یاسایی و دەستوورییەکانی وڵات. ئەو بڕیارە تاکلایەنانەشی هۆکار بووە بۆ ئەوەی خۆی و کەسوکار و هاوڕێ و لایەنگرانی دەوڵەمەند و خەڵکیش هەژار بن. لە مێژووی تورکیادا هیچ کاتێک هێندەی سەردەمی ئەردۆغان بێکاری و هەڵاوسان رووینەداوە". 

لەبارەی پرسی داخستنی هەدەپە، عەلی باباجان رایگەیاند، دەسەڵات متمانەی لەدەستداوە، لەبری ئەوەی کاربکات بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، کەچی کار دەکات بۆ کپکردنی دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن کە خاوەنی شەش ملیۆن دەنگە. دەسەڵات بۆ نانەوەی پشێوی و نائارامی دەست بۆ هەموو کارێکی ناڕەوا دەبات. خۆیان چەندین جار گوتوویانە، هیچ پارتێکی سیاسیی داناخرێت، بەڵام ناشتوانن هاوبەشە بچووکەکەیان بڕەنجێنن بەهۆی ئەوەی پێویستیان بەدەنگ و پاڵپشتییان هەیە.  

باباجان ئاماژەی بەوەشکرد، ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکاندا شارەوانییەکی زۆری لەدەستچوو، بەڵام بە قەیوم دووبارە خستیەوە ژێردەستی خۆی. هەروەها دەپرسێت، ئەمە ئەو دیموکراسیەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات؟ ئەگەر باوەڕی بەو رەفتارانەی هەیە ئەی بۆچی هەڵبژاردن دەکرێت؟ لە کاتێکدا دەست بۆ دەنگی خەڵک دەبەن. لە هەموو جیهان خەڵک دەسەڵات بە سیاسەتڤانان دەدات، نەوەک سیاسەتڤان ئیرادەی خەڵک پێشێل بکەن، بەناوی قەیوم کاری نایاسایی بکەن و دەست بەسەر شارەوانییەکاندا بگرێت. 

قەیووم لە یاساکانی تورکیادا جۆرە مامەڵەیەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسێک و گرفتێکی تایبەت لە رووی کارگێڕی و داراییەوە. دەوڵەت لە رێگەی دامەزراندنی فەرمانبەرێکی کاربەڕێکەر "فەرمانبەرەکە دەکرێ لە هەر پۆستێک بێت" تا چارەسەرکردنی گرفتەکە دەوڵەت خۆی بەڕێوەی دەبات. 

پێشتر تەنیا لە رووی کارگێڕی و دارایی قەیووم جێبەجێ دەکرا. بۆ نموونە دەوڵەت هاوکار دەبوو بۆ دەربازکردنی دامەزراوەیەک یان کۆمپانیایەک لە مایەپووچبوون و لە رێگەی فەرمانبەرە کاربەڕێکەرەکەوە ماوەیەکی کاتی دامەزراوەکەیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام لەدوایین هەمواری یاسایی لە ساڵی 2018دا رێکارەکانی یاسایی قەیووم فراوانتر کرا.  

بەگوێرەی یاسا هەموارکراوەکە، ئەگەر سەلمێندرا دامەزراوەیەک "کەرتی گشتیی بێت یان تایبەت" تاوانەکانی قاچاخچییەتی دژ بە مرۆڤەکان، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بەجەستەی مرۆڤ، بازرگانی لەشفرۆشی، قومار، سپیکردنەوەی پارە، بەزۆر دەستبەسەرداگرتنی سامان، دامەزراندنی گرووپی چەکداری، مافیاگەرێتی و سیخوڕی کردبێت، دەوڵەت دەست بەسەر دامەزراوەکەدا دەگرێت و خۆی بەڕێوەی دەبات و لەرووی یاساییەوە پێی دەگووترێت قەیووم.

عەلی باباجان داوایەک ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرد و گوتی، "داوای لێبووردن لە گەلانی تورکیا بکەن بەهۆی ئەو هەموو کارە ناڕەوایەی کردووتانە، داوای لێبووردن بکەن بەهۆی ئەوەی دیسان زمانی کوردی بە زمانێکی نەزانراو مامەڵەتان لەگەڵدا کرد. داوای لێبووردن بکەن بەهۆی ئەوەی بوونەوە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی کێشەی کورد.

هەروەها عەلی باباجان دەشڵێت: "داوای لێبووردن بکەن بەهۆی ئەوەی پشتتان لە خەڵک کرد. داوای لێبووردن بکەین بەهۆی ئەوەی بە بڕیارنامەیەک و بەبێ دادگە دەیان هەزار هاووڵاتی بێکار هێشتەوە و دوای ناوزڕاندن و بێڕێزیکردن لە بەرامبەریان نەتانگەڕاندەوە سەر کارەکانیان. داوای لێبووردنەکانتان لە راگەیاندنەکان بڵاوبکەنەوە و لەسەر تابلۆ گەورەکانی سەر شەقامەکان و باڵەخانەکاندا بنووسن 'داوای لێبووردنتان لێ دەکەین' ". 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×