2021-04-01   534     
وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا پشکنینی کۆرۆنا بۆ توشبووان و گومانلێکراوان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی بەخۆرایی ئەنجام بدرێت و لە کەرتی تایبەتیش نرخەکانی کەمکردەوە.
ئاوێنه: وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پشکنینی تاقیگەیی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا و گومانلێکراوان بەخۆڕایی دەبێت لە تاقیگەکانی کەرتی گشتی (حکومی) و جگە لەوەش لە تاقیگەکان و نەخۆشخانەکانی ڕێگەپێدراوی کەرتی تایبەت (ئەهلی) نرخەکان بەڕێژەیەکی زۆر کەم دەکرێتەوە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەکراوە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و ڕەچاوکردنی دۆخی ئابوری و گونجاندنی ئێستای خەرجی و نرخەکانی پشکنینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوای پێداچوونەوە، بڕیار درا بە بەردەوامبوونی ئەنجامدانی پشکنین بۆ نەخۆشانی کۆڕۆنا لە تاقیگەکانی کەرتی گشتی (حکومی) بەخۆڕایی و هەروەها لە نورینگەکانی کەرتی گشتی دوای دەوامی حکومی کەمکردنەوەی نرخی پشکنین لە 60 هەزارەوە بۆ 40 هەزار دینار و لە تاقیگە و نەخۆشخانەکانی ڕێگەپێدراوی کەرتی تایبەت (ئەهلی) کەمکردنەوەی نرخەکەی لە 90 هەزارەوە بۆ 50 هەزار دینار.
