عومەر سەید عەلی: بەشداریمان لە حكومەت بەمانای بێدەنگیمان نییە لە ئاست خراپەكان
  2021-04-11       400       

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی بەڕەسمی داوایان لێکردون، کۆتایی بە قۆرخکاری بازاڕ بهێنن و دۆخی موچە و ژیانی خەڵک باش بکەن.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی گۆڕان، ئەمڕۆ یەکشەممە، عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوی گۆڕان،لەگەڵ ڕایەڵەی پیشەوارانی بازاڕی سەر بە ئەنجومەنی قەزای سلێمانی، کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، وتەیەکی پێشکەشکردو وتی: خەڵکی کوردستان خەباتی بۆ خۆشگوزەرانی کردوە بۆیە دەبێت ژیان و بژێویان پارێزراوبێت و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێت، ئێمەش وەک بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریمان لە حکومەت هۆکار نییە بۆ بێدەنگیمان لەئاست خراپەکان و وەک هەمیشە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکین.

سەبارەت بەدوایین کۆبونەوەی لایەنە سیاسیسەکان عومەر سەید عەلی، وتی، بەڕونی بە یەکێتی و پارتیمان وتوە هێزو پارە لای ئێوه‌یه‌ پێوستە کۆتایس بە قۆرخکاری بازاڕ بهێنن و ڕێگری بکەن لە بەردەوامی قاچاخی سنورەکان و دۆخ و بژێوی خەڵک باشبکەن.

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، وتیشی: ئێمە هەمیشە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەر کەسێک بکەین کە ڕەخنەی لە شێوازی کاری ئێمە هەیەو دەرگاشمان بەڕوی هەمو ئەو کەسانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت بێنەوە ناو گۆڕان و لە ئۆرگانەکانیدا کاربکەن.

لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبواندا ڕێکخەری گشتی وەڵامی ئەوەی دایەوە كە بە وەرگرتنی پارە تۆمەتبار دەکرێن و وتی: وتەبێژی بروتنەوەی گۆڕان ڕونکردنەوەی پێوستی داوەو ئێمەش جەختدەکەینەوە، ھەواڵی وەرگرتنی بودجە، یاخود بڕە پارەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یان ھەر حیزبێکی سیاسیی دیکە، زانیارییەکی ناڕاست و بێ بنەمایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×