ئێران دەڵێت: روداوەكەی ئەمڕۆی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز تیرۆریستی بوە
  2021-04-11       1206       

عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، رایگەیاند، روداوەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە دامەزراوەی ئەتۆمی "نەتەنز"، كردەوەیەكی "تیرۆریستی" بوە. میدیاكانی ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەگەری هەیە دەزگای موساد لە پشت هێرشەكەوە بێت.

ئاوێنە: عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، رایگەیاند، وڵاتەكەی ئیدانەی ئەو كردەوەیە دەكات و جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەڕوی ئەم "تیرۆرە ئەتۆمی"یەدا بوەستنەوەو تارانیش مافی هەمو رێكارێكی هەیە دژ بەوانەی كردەوەكەیان ئەنجامداوە.

هاوكات لەگەڵ ئەوە بەشێك لە میدیاكانی ئیسرائیل باس لەوە دەكەن كە ئەگەری هەیە ئەو هێرشە هێرشێكی ئەلیكترۆنی بوبێت و رادیۆی ناوەندیی ئیسرائیل لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاماژەی بەوەداوە كە موساد دەستی لە هێرشەكەی سەر دامەزراوەی نەتەنزدا هەبوە.

هەروەها رۆژنامەی جۆرسەلیم پۆستی ئیسرائیلی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەوەی لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز رویداوە، "روداوێكی ئاسایی" نەبوەو زیانەكانیش "زۆر قورسترن" لەوەی كە بەرپرسانی ئێرانی باسی دەكەن.

ئەو رۆژنامەیە رایگەیاندوە، پێدەچێت ئەو هێرشە، هێرشێكی ئەلكترۆنی بوبێت و رەنگیشە ئیسرائیل رۆڵی تێیدا هەبوبێت.

پێشتر بەهرۆز كەمالوەندی، وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەشی تۆڕی كارەبای دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنزدا "روداوێك" رویداوە، بەبێ ئەوەی رونیبكاتەوە روداوەكە چی بوە، بەڵام وتی، هیچ زیانێكی گیانی و و پیسبونی ژینگەی لێنەكەوتۆتەوە.

لەمانگی حەوتی ساڵی رابردوش تەقینەوەیەك لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز رویداو كۆماری ئیسلامی ئێران دواتر روداوەكەی بە "تێكدەرانە" ناوبرد.

دامەزراوەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەكەوێتە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران و بەشێكی زۆری لەژێر زەویدایەو یەكێكە لەو دامەزراوە ئەتۆمیانەی ئێران كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان رێگەپێدراوە بۆ پشكنینی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×