بەرپرسێكی ئێرانی: تاران پێشوازی لە گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە دەكات
  2021-04-21       514       

رۆستەم قاسمی، یاریدەدەری فەرماندەی هێزی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ لەنێویشیاندا سعودیە دەكات.

ئاوێنە: رۆستەم قاسمی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە كەناڵی ئاڕ تی روسی وتیشی"دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ لەنێویشیاندا سعودیەدا هەبێت. سعودیە دەوڵەتێكی دراوسێی ئێمەیەو دەوڵەتێكی موسڵمانەو هەردوكمان دەكەوینە یەك ناوچە. دەكرێت هاوكاری لەنێوانماندا هەبێت لەسەرجەم بوارەكان و دۆسییەكانی ناوچەكەداو هاوكاری یەكدی بین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە...ئەمەش سیاسەتی پێشتر و ئێستای ئێرانە."ئەو قسانەی بەرپرسە ئێرانییەكە چەند رۆژێك دوای ئاشكرابونی كۆبونەوەی نێوان وەفدی باڵای سعودیەو ئێران دێت لە بەغدا، ئەوەش بەپێی فرانس پرێس.

هەروەها پێشتریش رۆژنامەی "فانانشیال تایمز" لەزاری سێ بەرپرسەوە بڵاویكردبوەوە، رۆژی 9ی ئەم مانگە لە بەغدا گەڕی یەكەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و سعودیە بەڕێوەچوە تێیدا باس لە هێرشی حوسییەكان یەمەن كە نزیكن لە ئێران بۆ سەر سعودیە كراوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدابو كە كۆبونەوەكە ئەرێنی بوەو چاوەڕوان دەكرێت گەڕێكی دیكەی گفتوگۆی نێوان ئەو دو وڵاتەی بەدوادا بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×