ئەرمەنەكان خوازیارن پەرلەمانی كوردستان جینۆسایدكردنیان بەرەسمی بناسێت
  2021-04-24       2119       

ئا: ئاوێنە

 

چەند ساڵێکە ئەرمەنەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان خوازیارن پەرلەمانی کوردستان وەك زۆرێك لەپەرلەمانی وڵاتە دیموكراسیەكانی جیهان، لەپێناو رێگەگرتن لەئەگەری دوبارەبونەوەی كوشتار بەرامبەر بەكەمایەتیەكان‌و بەهێزكردنی پەیوەندی ئەرمینیا‌و كوردستان، جینۆسایدی ئەرمەنەكان بەفەرمی بناسێنێت.

 

یروانت نیسان ماركۆس، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی ئەرمەنی لەپەرلەمانی كوردستان بەئاوێنەی راگەیاند كە لەئەوان شەش ساڵ لەمەوبەر لەسەدەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنیەكاندا پرۆژەیاسایەكیان ئامادە كردوە كە 39 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر كردوە‌و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان کردوە بۆ ئەوەی جینۆسایدو كوشتاری ئەرمەنەكان بەڕەسمی بناسێت.


ئەو وتی "هەمو ساڵێک شەوی 23 لەسەر 24ی نیسان، لەكەنیسە ئەرمەنیەكانی دهۆك‌و زاخۆ رێوڕەسمی ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەكان دەكرێتەوەو مۆنیومێنتی جینۆسایدیش لەحەوشەی كەنیسەی ئەرمەنەكان لەدهۆك دانراوە".

 

یروانت ئاماژەی بەوە كرد كە خۆی یەكێكە لەپاشماوەی قەتڵوعام كراوەكانی ئەرمەن، ئەو وتی "باپیرم تەمەنی 9 ساڵان بوە كە لەتوركیاوە بەتەنها رویكردوەتە زاخۆو بنەماڵەیەكی جوامێری ئەو شارە داڵدەیان داوە".

 

وتیشی "باپیرم بەتەنیا ئاوارە بوە‌و نەیزانیوە باوك‌و دایك‌و براو كەسوكاری چییان لێبەسەرهاتوە، توركەكان كوشتیانن یان لەشەونخونی‌و برسێتی رێگای دوردا گیانیان سپاردوە، ئەو ونبونەی ونبون ئیتر جارێكیتر هەرگیز نەبینراونەتەوە".


ئەرمەنەكان لەهەرێمی کوردستان زۆربەیان لەدهۆك‌و زاخۆ نیشتەجێن‌و چوار كەنیسەیان لەوێ‌ هەیە، كۆنترین كەنیسەیان لەزاخۆیە‌، لەدوای روداوەكانی ئەم چەند ساڵەی رابردو کە زیاتر لە150 خێزانی ئەرمەنی لەموسڵ‌و بەغداوە رویانكردوەتە هەولێر‌و لەوێ‌ دەژین، کەنیسەیەکیان دروستکردوە.


ئارام شاهین داود باكۆیان، پەرلەمانتاری پێشوی ئەرمەنیەكان لەپەرلەمانی كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت كە بۆچی تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان جینۆسایدی ئەرمەنەكانی بەڕەسمی نەناساندوە لەكاتێكدا دەیان وڵات بەفەرمی ناساندویانە، ئەو وتی "نازانم هۆكاری چییە، رەنگە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی توندوتۆڵی هەرێمی كوردستان بەتوركیاوە!"


سەرەڕای ئەوەی زۆرێك لەئەرمەنەكان پێیانوایە كوردەكانی سوارەی حەمیدیە بەشداریان لەكوشتاری ئەرمەنەكاندا كردوە، بەڵام جوامێریی ئەو كوردانەش نادیدە ناگرن كە لەو رۆژگارە رەشانەدا ئەرمەنەكانیان پاراست، یروانت وتی "هەمیشە ئێمە ئەوەشمان لەبیرە كە كوردستان باوەشی بۆ كردینەوە‌و باب‌و باپیرانمان دیسان لێرەوە خۆیان پێگەیاند".


ناوبراو سۆزو خۆشەویستی خۆیان بەرامبەر بەدەوڵەتی ئەرمینیاش دەردەبڕێت، ئەو وتی "ئێمە ئەرمەنین‌و دڵسۆزی‌و خۆشەویستیەكی زۆرمان بۆ ئەرمینیا هەیە‌و بەشێك لەخزم‌و كەسوكارمان لەوێن".


وتیشی "ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین كە پەیوەندی نێوان كوردستان‌و ئەرمینیا بەهێزتر بكەین‌و ئەرمینیاش کونسولخانەی لەهەولێر کردوەتەوە".


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×