ئیسرائیل..لە رێوڕەسمێكی ئایینیدا 44 كەس بەهۆی روداوێكەوە گیانیان لەدەستدا
  2021-04-30       564       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێكی ئایینیدا لە ئیسرائیل بەهۆی دروستبونی قەرەباڵغی و بەسەریەكدا كەوتنی بەشداربوان، 44 كەس گیانیان لەدەستداو نزیكەی 150 كەسی دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان، روداوەكە لە رێڕەوێكی بەرتەسكدا رویداوە كاتێك بەشداربوانی رێوڕەسمەكە ویستویانە لەشوێنەكە بێنە دەرەوە.

ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لەزاری چەند شایەتحاڵێكەوە بڵاویكردۆتەوە كە لە كۆتایی رێڕەوی چونەدەرەوەكەدا، بەشداربوانی رێوڕەسمە ئایینییەكە، كە لە قادرمەیەكی ئاسنینەوە هاتونەتە خوارەوە خلیسكاون و بەسەریەكدا كەوتون.

رێوڕەسمە ئایینییەكە لە چیای "میرون" بەڕێوەچوەو بەقسەی میدیاكان نزیكەی 100 هەزار كەس بەشدارییان تێدا كردوە كە یەكەم رێوڕەسمی بەكۆمەڵی ئایینییە لەدوای هەڵگرتنی سەرجەم رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆناوە لەو وڵاتە.

ساڵانە دەیان هەزار جولەكەی ئەرسەدۆكسی توندڕەو بۆ رێزگرتن لە حاخام شەمعون بار یوشای، كە دانایەكی سەدەی دوەمەو گۆڕەكەی لەو چیایەیە، رودەكەنە شوێنەكە.

بنیامین نەتەنیاهۆ، روداوەكەی ئەمڕۆی بە "تراژیدیایەكی گەورە" ناوبردو رایگەیاند، هەموان بۆ رۆحی قوربانییەكان نوێژدەكەن.

دوای روداوەكە، ەند وێنەیەك بڵاوكرانەوە كە چەندین تەرم لەسەر زەوی كەوتون و دەیان ئەمبوڵانس گەیشتونەتە شوێنەكە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×