لە مێرسین چەند توركێك هێرشدەكەنە سەر خێزانێكی كوردی گەشتیاری خەڵكی هەولێرو لێیان دەدەن
  2021-05-14       2013       

دوێنێ پێنجشەممە، لە پارێزگای مێرسین لە توركیا، چەند توركێك، لەسەر رێگا، دوای قسە پێوتن و سوكایەتی هێرشیان كردۆتە سەر خێزانێكی كوردی گەشتیاری خەڵكی هەولێر، پیاوی خێزانەكەو كوڕێكیان برینداركردون.

ئاوێنە: محەمەد ئەمین دەمیر، رۆژنامەنوس، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئەو خێزانە كوردەدا لەدوای ئەوەی هێرشیان كراوەتە سەر، رایگەیاندوە، خێزانەكە گەشتیارن و خەڵكی هەولێرن، لەلایەن چوار توركی "فاشیست"ەوە هێرشیان كراوەتە سەر.

ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە كورد لەسەر رێگا لەلایەن ئۆتۆمبێلی توركەكانەوە راگیراوەو دواتر هێرشیان كردونەتە سەرو قسەی زۆریان بە كورد وتوە.

سەبارەت بە هۆكاری روداوەكە، ئەو رۆژنامەنوسە، وتویەتی، هۆكارەكەی تەنها ئەوە بوە كە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەیان هەولێر بوەو خێزانەكەش كورد بون.

بەپێی قسەی محەمەد ئەمین دەمیر، هێرشكارەكان بەر لە هێرشكردنە سەریان، لەو خێزانە كوردەیان پرسیوە كە كوردن یاخود توركمان، دوای ئەوەی زانیویانە كوردن، ئینجا هێرشیان كردونەتە سەرو لێیان داون.

بەپێی قسەی ئەو رۆژنامەنوسە، ھێرشكارەكان ژمارەیان چوار كەس بوەو لە پیاوی ماڵەكەیان داوەو ویستویشیانە لە بەرزاییەوە فڕێ بدەنە خوارەوەو بیكوژن، هەروەها كوڕە تەمەن 12 بۆ 13 ساڵانەكەی ئەو پیاوەشیان برینداركردوە.

محەمەد ئەمین دەمیر، ئەوەشی وتوە كە تابلۆ و ژمارەی ئۆتۆمبێلی هێرشكارەكان دیارە.

لە یەكێك لە ڤیدیۆكاندا ئۆتۆمبێلێك دەردەكەوێت كە لە شوێنی روداوەكە دوردەكەوێتەوە، ئۆتۆمبێلەكە لە جۆری هۆندایەو ژمارەكەی (01YG428)ە، كە بە ئۆتۆمبێلی هێرشكارەكان دەزانرێت.

لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت ژنێكی كورد، دوای ئەوەی هێرشیان كراوەتە سەر، پیاوێكی برینداری لەناوەڕاستی رێگاكە لە باوەش گرتوەو داوای یارمەتی و ئەمبوڵانس دەكات.

بەپێی زانیارییەكان دوای روداوەكە، پیاوە بریندارەكە لەلایەن پۆلیسەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×