پارێزگاری هەولێر ئاماری تاوان و روداوەكان و گەشتوگوزار لە رۆژانی جەژندا ئاشكرادەكات
  2021-05-16       272       

پارێزگاری هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاماری روداو، تاوان و گەشتوگوزاری لە رۆژانی جەژندا ئاشكراكردو دەشڵێت: ئەو پلانەی لەلایەن لیژنەی ئەمنی پارێزگاكەوە بۆ رۆژانی جەژن ئامادەكرابو بەسەركەوتویی جێبەجێ كرا.

ئاوێنە: نوسینگەی پارێزگاری هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە ئامارەكانی تاوان لە هەولێر لەسێ رۆژی جەژندا وتویەتی، (78) تاوان تۆمارکراون، (73) تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران دەستگیرکراون، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دان.

هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكە لە رۆژانی جەژندا (10) ڕوداوی هاتوچۆ ڕویانداوەو لەئەنجامیاندا (10) کەس برینداربون و (4) کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لەوماوەدا (30) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبوە لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمێک لە مارکێتێکی گەڕەکی 32ی پارک، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.

سەبارەت بە گەشتوگوزار، نوسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاندوە كە پاڵپشت بە بڕیاری قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ له‌ نێوان بازگەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاكانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراق‌ به‌ پێى ئه‌و رێكارانه‌ى كه‌ له‌ به‌یانى ژماره‌ (15)ى ساڵى 2021 دیارى كراوه‌، وەکو خۆی جێبەجێکراوە و ڕێگە بەهیچ گروپێکی گەشتیاری نەدراوە بێنە هەولێری پایتەخت."

هەر لەو بارەیەوە ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەگەرچی ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەبو لەسەر کاروکەسابەتی هاوڵاتییان و شوێنە گەشتیارەییەکانی سنوری پارێزگاکەمان، بەڵام لای ئێمە سەلامەتی گشتیی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان لەسەروی هەمو شتێکەوەیە، بەتەنها هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەکەمان و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، سەردانی شوێنە گەشتیاریەکانیان کردوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×