لاهور شێخ جه‌نگی‌: بەهیچ شێوەیەک بەشدارو لایەنگری شەڕێک نابین کە خوێنی کورد بەدەستی کوردی تیادا بڕژێت
  2021-06-08       1170       
لاهور شێخ جه‌نگی‌ ڕایگه‌یاند، كه‌ یه‌كێتی‌ بەهیچ شێوەیەک بەشدارو لایەنگری شەڕێک نابێت کە خوێنی کورد بەدەستی کوردی تیادا بڕژێت. ئامادەیی حیزبه‌كه‌شی‌ دوپاتده‌كاته‌وە بۆ "یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو بونی یەک هێزی نیشتمانی پڕچەک‌و مەشقپێکراو کە پارێزەری خاک‌و خەڵکی کوردستان بێت".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، لاهور شێخ جه‌نگی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ لەقەڵاچوالان لەگەڵ سەرجەم فەرماندەو دەرەجەدارو لیواکانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان -یه‌كێتی‌- کۆبوەوە. 

لاهور شێخ جه‌نگی‌ له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "باسمان لەدۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان کردو جەختمان کردەوە کە دژی هەموو شەڕێکی براکوژیین، سەرکۆنەی هەموو لایەنێکیش دەکەین کە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، بەهیچ شێوەیەک بەشدارو لایەنگری شەڕێک نابین کە خوێنی کورد بەدەستی کوردی تیادا بڕژێت."

ڕاشیگه‌یاندووه‌، "لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا باسمان لەپڕۆسەی چاکسازیی‌و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردو ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان دووپاتکردەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی یەک هێزی نیشتمانی پڕچەک و مەشقپێکراو کە پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بێت، پێزانینم پێشکەش بە فەرماندە سەربازییەکان کرد کە لەو پێناوەدا هەنگاوی گرنگیان ناوە."

هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ڕونیكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا "ئاماژەمان بە بڕیار و سیاسەتی نوێی و بەهێزی پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد لە دوای کۆنگرەی نوێبوونەوە لە سەر ئاستی هەرێم و بەغدا کە هەنگاوی گەورەی ناوە و بە شێوەیەکی واقیعی و حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ پرسەکاندا کردووە و بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمانی لەبەرچاوگرتووە، بە تایبەت لە مەسەلەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کە زۆر جەختمان لە ڕێککەوتن کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و بەرهەمدارمان لە بەغدا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لایەنی حکومی ئەنجامدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕەچاوکردنی دەستووری عێراق لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان."

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌، "هەمئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەمان دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدا هەیە بۆ لەناوبردنی خانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش."

ئه‌وه‌ی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ "باسمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کرد و یەکدەنگی کوردمان بە گرنگ زانی بۆ بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان لە نێوان یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانمان بە دەستکەوتێکی گەورە لە قەڵەمدا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد و یەکڕیزیی نیشتیمانیی، هیواشمان خواست کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کورد بکەن و پێگەی هەرێم بەهێزتر بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×