پەرلەمانتارێك: ئاڕ تی بانك مانگانە لە ئاڵوگۆڕی داهاتی نەوتی هەرێمدا 15 ملیار دینار قازانج دەكات
  2021-06-10       471       

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئاڕ تی بانك لە ئاڵوگۆڕی ئەو داهاتی نەوتەدا كە دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی مانگانە 15 ملیار دینار قازانج دەكات. دەشڵێت، ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ دینار لە داهاتی نەوتدا لە هەرێم "دەرگایەكی گەورەی گەندەڵی"یە.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"دۆسیەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار ھەم قۆرخکارییەکی گەورەیە بۆ یەک بانک، ھەم زیانە لە داھاتی گشتی."

وتوشیەتی"لەسەرەتای پرۆسەی نەوتەوە تاوەکو 2019 پارەی نەوت دەچوە بانکی کوردستانی ئەھلی و تەنیا ئەم بانکە پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دیناری دەکرد. نرخی 100 دۆلاری بە 117 ھەزار دینار پێدەدراو ھەندێک  مانگ لە بازاڕدا بە 127 ھەزار دینار دەفرۆشراو لە ئاڵوگۆڕی 400 ملیۆن دۆلاردا، 40 ملیار دینار قازانجی دەکرد. ھەندێک مانگ کەمتر بەپێی نرخی دۆلار دەگۆڕدرا."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"لە سەرەتای 2019ەوە ئەم پرۆسەیە دراوە بە RT بانک ماوەیەک بە 117 ھەزار بۆ ھەر 100 دۆلارو دواتر کرایە 120 ھەزار دینار بۆ ھەر 100 دۆلارێک، ئەم بانکەش بۆ خۆی بە پێی نرخی بازاڕ دەیفرۆشت، بۆ نمونە ئەگەر 126 ھەزار دینار بێت، لە گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار لە 300 ملیۆن دۆلار 18 ملیار دینار قازانجیان دەکرد."

ئاشكراشیكردوە"ئێستاش کە لە داھاتی نەوت 300 ملیۆن دۆلاری بۆ خەزیێنەی وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە بە 145 ھەزار دینار بەم بانکە دەدرێت و لە بازاڕیشدا ئەگەر 150 ھەزار دینار بێت قازانجی مانگانەی 15 ملیار دینارە."

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان وتوشیەتی"من دەزانم سیاسەتی نەختینەیی لە دەست بانکی ناوەندییە، ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە ھەم قۆرخکارییە ھەم بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە، شەش ساڵە داوای پێداچونەوە دەکەم."

عەلی حەمەساڵح بەپێویستی زانیوە "سیستمێکی تەندروست دابندرێ بە سێ ئامانج: یەکەم؛ گەڕانەوەی زۆرترین داھات بۆ خەزێنەی گشتی بەشێویەکی دادپەروەرانە. دوەم؛ ھاوکاربێت لە جێگیرکردنی نرخی دراو.سێیەم؛ جوڵەیەکی ڕێکخراوی دراو دروستبکات و ھاوکاربێت بۆ جێگیربونی نرخی دۆلار."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×